٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی مەخموور: تا ئێستا نزیكەی ٢٠٠ دۆنم زەوی سووتێندراوە

سەرچاوە: KDP.info

 

مەخموور-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی مەخموور گوتی، تاوەكو ئێستا لە سنووری شارۆچكەكەدا نزیكەی ٢٠٠دۆنم زەوی سووتێندراوە، بەڵام ئەو ھەڕەشانەی لە كورد دەكران، كەمتر بوونەتەوە بە ھۆی ئەوەی ئێستا ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق رۆژانە كێوماڵی ناوچەكە دەكەن.

رزگار مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە رۆژانی ڕابردوودا چەندین جار ئاگر لە سنووری مەخموور كەوتووەتەوە و ئاگرەكانیش بە ھۆكاری جیاجیا بوونە، كە بەشێكی زۆریان داعش دەستی تێیاندا هەیە و لە ناوچەی دەرەبەشەش لە كاتی ئاگركەوتنەوەدا دوو ھاووڵاتی سووتاون، هەروەها ئەو دەغڵودانەی كە داعشیش سووتاندوویەتی، زیاتر لە بناری چیای قەرەچووغ بووە".

قایمقامی شارۆچكەی مەخموور گوتیشی، تاوەكو ئێستا لە سنووری مەخموور و دیبەگە و قەراج  و چەند ناوچەیەكی دیكە، نزیكەی ٢٠٠دۆنم زەویی جووتیاران سووتاوە.

مستەفا گوتیشی، دوای ئەوەی داعش ھەڕەشەی لە گوندنشینانی كورد دەكرد لە سنووری مەخموور، ھێزی ھاوبەش دروست كراوە و رۆژانە سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن، بۆیە لەو كاتەوە ئەو ھەڕەشانەی لە كورد دەكران، كەمتر بوونەتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، تاوەكو ئێستا ھێزی عێراقی لەناو سەنتەری شاری مەخموورن و نەچوونەتە دەرەوە، بۆیە بە سەربازگە حیسابە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار