شارەزایان و نووسەران: ئایندەی كوردستان ڕوونە

سلێمانی-KDP.info- شارەزایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و نووسەران و چاودێرانی سییاسی دەڵێن، چوار ساڵی ئایندە، حوكمڕانییەكی بەهێز بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لە كوردستان پێڕەو دەكرێت، برووسكەی پیرۆزبایی وڵاتانیش، دەرخەری ئەوەیە كە دنیا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پێگەی كوردستان.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس نووری بێخاڵی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكومڕانیی كوردستان بەرەو كوردستانێكی بەهێز هەنگاو دەنێت، ئێستا پارتی بە عەمەلی دەستی كردووە بە هەنگاوەكانی لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت، وڵاتانی هاوپەیمانیش داوای هەرێمێكی بەهێزی كوردی دەكەن".
بێخاڵی گوتیشی: "ئایندەی كوردستان ڕوونە و پارتی لەگەڵ هاوبەشەكانی لە حكوومەت هەنگاو بۆ ئاسۆیەكی ڕووناكتر بۆ كوردستان دەنێت، كە حكومڕانییەكی مەدەنی و یاساسەروەری پێڕەو دەكرێت".
دەشڵێ: "سەرۆكی هەڵبژێردراو نێچیرڤان بارزانی، ئەزموونی باشی لە حكومڕانیدا هەیە بۆ كوردستانێكی بەهێز، بە هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی و ئەو تیمە بەهێزەی پەرلەمان، بەردی بناغەی حكومڕانییەكی بەهێز دادەنێن:"
ئەو نووسەرە پێی وایە، سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستان، تۆڕێكی بەهێزی پێوەندیی دیپلۆماسیی هەیە، پیرۆزباییەكانی وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمەریكا و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیكەی جیهانی و ئیقلیمی و نەتەوەیەكگرتوەكان و بەرپرسانی باڵای عێراق، ئەوەمان پێ دەڵێ، نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت لەئاست ئەو قۆناغە مێژووییەدا بێت".
لەسەر ئاستی ناوخۆشدا، ناوبراو دەڵێ: "نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت پردێكی پێوەندیی پتەو بێت لەگەڵ تەواوی حیزبەكانی كوردستان و كەسایەتییەكی قبووڵكراوە لەلایەن تەواوی حیزبەكانەوە، هەروەها پێوەندیی بەغدا و هەولێر بەرەو پێشتر دەبەن لەگەڵ مەسروور بارزانی كاندید بۆ سەرۆكی حكوومەت و هەنگاوی باش دەنێن بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی".
هەر لەو بارەیەوە، بەرزان عوسمان، شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، گوتی: "نێچیرڤان بارزانی سییاسییەكی كارایە و دەتوانێت بەسەر تەواوی قەیرانە ئیداری و سیاسی و ئابوورییەكاندا سەربكەوێت، بە ڕای هەموو چاودێرانیش، سیاسییەكی بەئەزموونە و دەتوانێت لە چوار ساڵی ئایندەدا خزمەتێكی باشی كوردستان بكات".
عوسمان دەڵێ: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەتوانێت ئەو پێوەندییە فراوانە دیپلۆماسییەی هەیەتی لەگەڵ وڵاتانی جیهانی و ئیقلیمی و عێراق و پێوەندی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەكان، پێگەی هەرێمەكەمان بەهێز بكات لەسەر ئاستی دنیا و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش پێوەندییەكی باش و تەندروستمان دەبێت، هەروەها لەگەڵ عێراق پێوەندییەكان بەرەو پێشەوە دەچن و لە ناوخۆش سەقامگیرییەكی سیاسی و ئابووری فەراهەم دەبێت".
ئەوشارەزایەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "پێوەندیی تەلەفۆنیی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان و عێراق و ئیقلیمی و ناردنی برووسكەی پیرۆزبایی نەتەوەیەكگرتووەكان و باڵیۆز و كۆنسووڵی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە چەند كاتژمێرێكی كەمدا، دەرخەری بەهێزیی پێگەی هەرێمی كوردستان و فراوانیی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێچیرڤان بارزانییە، كە لە ناوەندە ئیقلیمییەكاندا خۆشحاڵیی خۆیان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێم دەربڕی".
عەزیز هەورامی




