گەشتوگوزار: زۆرترین گەشتیاری عێراقی سەردانی دھۆك دەكەن

دھۆك-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆك، بە ھۆی كرانەوەی رێگای نێوان دھۆك و مووسڵەوە پێشبینی دەكرێت زۆرترین گەشتیار لە جەژندا سەردانی پارێزگاكە بكەن، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆكیش دەڵێ، زۆرترین گەشتیاری عێراقی سەردانی دھۆك دەكەن.
عوبەیدوڵڵا داود، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەموو ئامادەكارییەك بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران كراوە لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزاندا و بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندارەكان و دەزگای ئەمنیی دھۆك كارئاسانیی زۆر بۆ ھاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و باشوور دەكرێت، ھەر لە كاتی گەیشتنیان بۆ سنووری ھەرێمی كوردستان و تا ئەو كاتەی دەمێننەوە و دەگەڕێنەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆك گوتیشی: "ئێمە پێشبینی دەكەین لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە پانزدە ھەزار گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای دھۆك و شوێنە گەشتیارییەكان بكەن، لەبەر ئەوەش بەڕێوەبەرایەتییەكەمان پێنج لیژنەی پێشوازیكردنی لە گەشتیاران ئامادە كردووە و ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی سنووری دھۆكیش ٢٤ كاتژمێر لە ئەركدا دەبن بۆ خزمەتی زیاتری گەشتیاران".
داود ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ساڵانی رابردوو بە ھۆی گرتنی رێگای نێوان دھۆك و مووسڵەوە، گەشتیارانی عێراق نەیاندەتوانی بگەنە پارێزگای دھۆك، بەڵام ئەمساڵ رێگا كراوەیە و زۆرترین گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی دھۆك دەكەن، ئەوەش وای كردووە كەرتی گەشتیاری جارێكی دیكە گەشە بكات".

قائید میرۆ




