"نێچیرڤان بارزانی ئه‌زموونی حوكمڕانیی حكوومه‌ت بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ده‌گوازێته‌وه"
__2019_05_29_h16m29s58__ER.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info- دوو چاودێری سیاسی باس له ئه‌زموونی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن و پێیان وایه كه به ددانپێدانانی سه‌رجه‌م حزبه‌كان سه‌ركه‌وتنی بێوێنه‌ی تۆمار كردووه و گرنگه ئه‌و ئه‌زموونه له حكوومه‌تەوە بگوازرێته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش، چونكه قۆناغی ئێستای هه‌رێمی كوردستان پێویستی به كه‌سێكی وا ده‌بێت.
له‌باره‌ی ئه‌زموونی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی، شێروان حه‌یده‌ری, یاساناس و سه‌رۆكی لێژنه‌ی یاسایی‌ی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌وه‌ی ڕووی دا له ده‌نگدانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان له ڕۆژی 28\5 چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، به‌داخه‌وه نه‌ده‌بوو به‌م شێوەیە ئه‌م پرسه ڕوو بدات، چونكه ڕێككه‌وتن كرابوو و لایه‌نه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕاسته كاك نێچیرڤان بارزانی به‌ربژێری پارتییه، به‌ڵام نوێنه‌ری هه‌موومانه له كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاك نێچیرڤان شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌م ڕۆڵه بگێرێت له كوردستان بۆ سه‌قامگیریی هه‌رێم و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غداد و له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه، بۆ باشتركردنی دۆخی كوردستان".
شێروان حه‌یده‌ری گوتی: "هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌رووی یاساییه‌وه هیچ كه‌موكورتیی تێدا نه‌بوو، پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوو, دوای پرۆسه‌كه سه‌رجه‌م لایه‌نه عێراقییه‌كان و ده‌ره‌وه‌ش پیرۆزبایی‌یان له كاك نێچیرڤان بارزانی كرد, به‌تایبه‌ت یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی، بۆیه سه‌رجه‌میان پشتیوانی له كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و پۆسته، جگه له‌وه‌ی پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه له حكوومه‌تداری له هه‌مان كاتدا توانای قه‌ناعه‌تپێكردن و لێکگه‌یاندی له نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا هه‌یه".
شێروان حه‌یده‌ری ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو: "نێچیرڤان بارزانی ئه‌زموونێكی دوورودرێژی له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات هه‌یه و له چه‌ندین كابینه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی كردووه و باشترین نموونه‌یشی نیشان داوه، به‌و هه‌موو قه‌یرانه‌وه کە له چوار ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی كوردستان بووه‌وه، كه‌چی توانی كوردستان بگه‌یه‌نێته كه‌ناری ئارام و سه‌ر كه‌وێت به‌سه‌ر گرفته‌كاندا، بۆیه ئومێدی زۆرم به كاك نێچیرڤان هه‌یه كه به سه‌ركه‌وتووانه قۆناغی حوکمڕانیی حكوومه‌ت بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بگوازێته‌وە."
هاوكات, عه‌بدولسه‌لام به‌رواری, چاودێری سیاسی، دەر‌باره‌ی ئه‌زموونی نێچیرڤان بارزانی له كایه‌ی حكوومه‌تدا به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی ڕاگه‌یاند: "بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم دوو شت مه‌رجه، یه‌كه‌م ئه‌و ده‌سه‌ڵات و چالاكییانه‌ی به‌پێی یاسا دیاری كراون، دووه‌م كه‌سایه‌تیی ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێت. كاك نێچیرڤان نزیكه‌ی 20 ساڵ ئه‌زموونی له حوكمڕانیی كوردستان هه‌یه, كه‌سێكه له ئاستی ده‌ره‌وه و ناوچه‌كه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی قه‌یرانه‌كانی كردووه بووه‌ته ده‌وڵه‌تمه‌دار، هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووی تێدایه، به‌تایبه‌ت ڕۆڵی به‌رێزیان له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ستی هێنا، به‌راستی نیشانی ده‌دات كه توانای هه‌یه ئه‌و كاته‌ی عه‌بادی پلانی هێرشی بۆ كوردستان دانابوو، نێچیرڤان بارزانی ده‌چێته به‌غدا و له‌وێشه‌وه بۆ تاران و ئه‌نقه‌ره و له‌وێشه‌وه بۆ فه‌ره‌نسا، له كاتێكدا ئه‌وكات به‌غدا ئابلۆقه‌ی له‌سه‌ر هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی دانابوو, به‌ڵام كاك نێچیرڤان بارزانی توانی ئابڵه‌قه سیاسی و دیپلۆماسییه‌كان تێك بشكێنێت".
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری گوتیشی: "ئێستاش كه پرسی نه‌وت و ده‌ستوور و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ركان هه‌یه، بوونی كاك نێچیرڤان زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه چاره‌سه‌ر بكرێن. نێچیرڤان بارزانی به‌و سیاسه‌ته نه‌رمه‌ی پێویستییه و پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به هه‌بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت."
كارزان سه‌باح هه‌ورامی




