سەرۆکی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنیی سوننەکان پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

هەولێر-KDP.info- خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنیی سوننەکان، پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.
لە پەیامەکەی خەمیس خەنجەردا بۆ نێچیرڤان بارزانی هاتووە: بەبۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە خۆتان و لە رێگەی ئێوەشەوە لە گەلی کورد دەکەین بۆ ئەو دەستکەوتە دیموکراسییە، کە رەنگدانەوەی قوڵی شەفافیەتە لە یەکگرتنەوە لەگەڵ مافە دەستوورییەکاندا.
خەمیس خەنجەر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان سەلماندی؛ رەگوڕیشەیەکی قوڵی هەیە و، هاوشانی دیموکراسیە بەناوبانگەکانی جیهانە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، خەمیس خەنجەر دەڵێت، جێگەی شانازییە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەموو عێراق، کە ئەوەی سەلماندووە گەلی کورد گەلێکی شارستانە و هەنگاوی چڕوپڕ دەبڕێت بەرەو جێبەجێکردنی دەستوور لە هەرێمەکەیاندا، بۆ ئەوەی ببنە سەرمەشق بۆ ئەوانی دیکەش.
سەرۆکی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنیە هەروەها دەڵێت "متمانەی تەواومان هەیە کە نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی میحوەری و کارا دەگێڕێت لەدۆزینەوەی چارەسەری واقیعییانە بۆ کێشەکانی هەموو عێراق، ئەویش بە پشتبەستن بەو دانایی و ئەزموونە سیاسییە گەورە سەرکەوتووەی هەتانە".
خەمیس خەنجەر، سیاسی و سەرمایەدارێکی سونەمەزهەبی عێراقییە و دامەزرێنەری "پرۆژەی عەرەبییە لە عێراق" و خۆیشی ئەمینداری گشتییەتی. وا وەسف دەکرێت ئەندازیاری دامەزراندنی "لیستی عێراقییە"ـیە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی، هەروەها سەرۆکی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنییە، کە گەورەترین فراکسیۆنی سوننەیە لە پەرلەمانی عێراق.




