بەریتانیا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، پەیوەندییەکان باش بووە و پتەوتریشی دەکەن.
جۆن ویڵکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێ "خۆشحاڵم بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم، پێویستە کورد و عێراقیییەکان لەگەڵ بەریتانیا هاوکار بن تاوەکو بتوانین هەلەکانی بەردەممان بە باشترین شێوە بقۆزینەوە".
لە پەیامێکی دیکەدا مارتین وار، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیاش لە هەولێر رایگەیاند "پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم کە ئێستا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵبژێردراوە. بەریتانیا هەمیشە پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی هەبووە، من متمانەی زۆرم هەیە کە پەیوەندی باشتریشمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەبێت".
مارتین وار ئاماژەی بەوە کردووە "ئەوەی زۆر پێویستە لە کاروبارە هەرێمییەکان، کاروباری ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی بریتییە لە گفتوگۆ و سازشکردن، پێمانوایە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هەموو ئەو تایبەتمەندیانەمان لە سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی-دا بەدیکردوون".
کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا جەختیکردووەتەوە "لە داهاتوودا چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق زیاتر بەرەوپێش ببەین".




