"نێچیرڤان بارزانی دەتوانێ پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان بباتە قۆناغێکی دیکەو سەرکەوتوو بێت"

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، نێچیرڤان بارزانی، کەسێکی بەئەزموونە و بۆ ئەم قۆناغە زۆر گونجاوە و دەتوانێ ھەرێمی کوردستان بباتە قۆناغێکی دیکەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان، چونکە دۆخی ئێستا پێویستی بە کەسێکی بەئەزموونە.
سیاسەتمەداری کورد، د. محەمەد بازیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەم قۆناغە ھەستیارەدا کارێکی زۆر باشە و وا دەکات سەرۆکی حکوومەتیش ڕاسپێرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ. ناوچەکەش بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێپەڕ دەبێت و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەمڕۆ پێویستییە."
د. محەمەد بازیانی گوتی: "ئەم قۆناغە کەسێکی ھەستیار و دانا و حەکیمی دەوێت بۆ ئەوەی کوردستان نەکەوێتە ململانێی نێوان وڵاتان و چاودێری وڵاتان بین و نەبینە کارتێک کە کارمان پێ بکەن، بۆ ئەمەش کەسێکی خاوەن ئەزموون پێویستە، بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی کوردستان نەگات."
بازیانی باسی لەوەش کرد: :کاک نێچیرڤان بارزانی، کەسێکی خاوەن ئەزموونە بە حوکمی ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ـوە تاوەکو ئێستا لە حکوومەتدایە و دەتوانێ پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان بباتە قۆناغێکی دیکەوە و سەرکەوتوو بێت، بۆیە کەسێکی زۆر شایستەیە بۆ ئەو پۆستە."
ئەمڕۆ (٢٨-٥-٢٠١٩) پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا.
بڵند ئیبراھیم




