چینوتوێژه‌كانی سلێمانی به ئومێده‌وه ده‌ڕواننه چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان

سلێمانی-KDP.info - ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی له په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌نگی 68 په‌رله‌مانتار بوو به سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، چینوتوێژه‌كانی سلێمانی به ئومێده‌وه ده‌ڕواننه حوكمڕانیی چوارساڵی ئاینده‌ی هه‌رێمی کوردستان.
له‌و بارەیە‌وه، ئیمداد عه‌بدوڵڵا، ڕۆژنامه‌نوس، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "سەرۆک و دەزگای سەرۆکایەتی لە هەر وڵاتێک گرنگی و تایبەتیی خۆی هەیە و دەسەڵاتەکانی سەرۆک بە یاسا ڕێک خراوە و بەپێی یاسای هەر وڵاتێک سەرۆک ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش بە بڕوای من گرنگییەکەی گەورەترە و ئەرکی سەرۆک زیاترە، چونکە هەرێمی کوردستان خەون و ئامانجی گەورەی هەیە و بۆ بەدیهێنانی پێویستی بە سەرۆک و دەزگایەکی سەرۆکایەتیی باش هەیە، بۆیه گرینگە سەرۆک هەبێت".
نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانی له‌و ماوه‌یەی كه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه، به پیاوی ده‌وڵه‌تمه‌دار ناسراوه و توانیویه‌تی كوردستان بكاته خاوه‌نی چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی گرنگ و سه‌ربه‌خۆ.
عه‌بدوڵڵا گوتیشی: "سەبارەت بە کەسایەتیی سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان، کوردستان لەبەردەم چەندین گۆڕانکاریی گەورەدایە و ئامانجی گەورەی هەیە، بۆیە پێویستی بە کەسێکی شارەزا و بەئەزموون و خاوەن کەسایەتییەکی کاریزمایە و، کاک نێچیرڤان ئەم مەرجانەی هەیە، چونکە هەم ئەزموونی بەڕێوەبردنی هەیە و هەم خاوەن کەسایەتییەکی کاریزمایه و لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە و دنیاش ناسراوە و کەسێکی دیپلۆماسییە، بۆیە ئومێدی ئەوەی لێ دەکرێت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت بۆ بەرەوپێشبردنی کوردستان".
پارێزه‌ر، شاد ڕزگار، لای خۆیه‌وه ده‌ڵێ: "نێچیرڤان بارزانی له سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت كه‌سایه‌تییەكی سه‌ركه‌وتوو بوو، كه هه‌رێمه‌كه‌مانی له زۆر ڕووه‌وه به‌ره‌وپێش بردووه، بۆیه دڵنیاین جه‌نابیان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی كاریگه‌رتری ده‌بێت، کەسایەتییەکی سیاسییە کە بایەخێکی زۆر بە چارەسەری کێشەکان لە ڕیگەی دیالۆگەوە دەدات و، ده‌بێته چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی ڕه‌نگ و ده‌نگه‌كان بۆ پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێمه‌كه‌مان".
ڕزگار ده‌ڵێ: "نێچیرڤان بارزانی پێناسه‌ی ئاوه‌دانی و پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤه و كوردستان لەم قۆناغەی ئێستادا پێویستی به كه‌سایه‌تییەكی وه‌ك نێچیرڤان بارزانییه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان".
نێچرڤان بارزانی، كه‌سایه‌تێكی ناسراوه له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان و پێوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌رۆكوه‌زیران و گه‌وره‌به‌رپرسانی وڵاتانی دنیا هه‌یه، خاوه‌نی پێوه‌ندیی فراوانی دیپلۆماسییه.
ئه‌ندازیار، ئارام عه‌لی، بڕوای وایه: "هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لەم قۆناغەدا کە قۆناغێکی گرنگی مێژووییه، بەتایبەت دوای ئەوەی کە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵپەسێردرابوو، گرینگییەکی زۆری هەیە. بەڕێز سەرۆکی هەرێم، کە متمانەپێدراوی جەنابی سەرۆک بارزانییە، دڵنیاین لە کارەکانیدا سەرکەوتوو دەبێت و درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەبێت کە لە ڕابردوودا توانی زۆر سەرکەوتووانە شکۆی نەتەوەی کورد بپارێزێت، هەربۆیە پشتئەستوور بەو کارە سەرکەوتووانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا توانی لە سەرۆکایەتیی حکوومەت بیکات و ئەو ئابڵوقە ئابووری و دیپلۆماسییانەی سەر هەرێمی کوردستان تێک بشکێنێت و هەمیشە هەوڵی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد دەدات، لەم ئەرکەشدا سەرکەوتوو دەبێت."
كوردستانییان چاویان له‌وه‌یه نێچیرڤان بارزانی چۆن له حكوومه‌تدا شۆڕشێكی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانیی سه‌رخان و ژێرخانی كوردستانی ده‌ست پێ كرد و سه‌ركه‌وتووانه‌ش درێژه‌ی بە شۆڕشه‌كه‌ی دا، ئاواش له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم درێژه‌پێده‌ری ڕێبازی كاركردنی سه‌رۆك بارزانی دەبێت بۆ زیاتر به‌هێزكردنی پێگه‌ی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی.
چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ته‌رزه محه‌ممه‌د، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: "نێچیرڤان بارزانی لە چەند کابینەی ڕابردوودا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بە ئەزموون و لێهاتووییی خۆی توانیی کوردستان لە قۆناغێکی سەخت تێپەڕێنێت بۆ قۆناغی ئاشتی و ئاوەدانی و گرنگیی بە هەموو سێکتەرەکانی ژیان دا و هەمیشە بە بەرنامە و کاری نوێ خزمەتی کوردستانیانی کردووه، چوارساڵی پڕ قەیران و شەڕی داعش و خیانەتی 16 ئۆکتۆبەری تێپەڕاند و گەیاندییە ئەمڕۆ. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەیە بۆ پاڵپشتیی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕێزدار، کاک مسروور بارزانی، بەربژێری پارتییە و، وەک گەنجێک دڵخۆشم کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ نەچووە و، ئەمڕۆ لەژێر دروشمی بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزدا هەنگاو دەنێین".
عه‌زیز هه‌ورامی




