بۆ چارەكردنی دۆخی شنگال، شاندێك لە بەغدایە

شنگال-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال گوتی، بە مەبەستی چارەكردنی كێشەكانی شنگال و گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شارەكە، شاندێكی ئیدارە و ئەنجوومەن سەردانی بەغدایان كردووە و تا ئێستا چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە.
وەیس نایف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوێنێوە شاندێكی ئەنجوومەن و ئیدارەی مووسڵ و شنگال سەردانی بەغدامان كردووە و تا ئێستا چەند كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام داوە و ھەوڵ دەدەین لەگەڵ سەرۆكوەزیرانیشدا كۆ ببینەوە".
نایف گوتیشی، مەبەست لەو سەردانە، بۆ چارەكردنی دۆخی شنگال، گەڕانەوەی ئیدارە و ئەنجوومەنی شەرعیی شنگال و لادانی ئەنجوومەن وئیدارەی ناشەرعیی شنگالە، چونكە بەو شێوەیە ناتواندرێت ھیچ كارێك بۆ شنگال بكرێت.
دەشڵێ، ئەو كۆبوونەوانەی ئەنجامیان داون، ھەمووان پشتگیرییان لێ كردووە و باسیان لەوە كردووە كە پێویستە ئیدارە و ئەنجوومەنی شەرعیی شنگال بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان.
بڵند ئیبراھیم




