ھەرێمی كوردستان، لەسەر داوای خۆیان ١٥٠ زیندانی ڕادەستی ئێران دەكاتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان گوتی، بەپێی رێككەوتنێك، بڕیارە لەم مانگەدا ١٥٠ زیندانیی ئێران ڕادەستی ئەو وڵاتە بكرێنەوە، كە بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددەی ھۆشبەر زیندانی كراون.
عەبدوڵا ئاكرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی رێككەوتننامەی نێوان ئێران و عێراق كە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان ھەردوو لا واژۆ كراوە، دوو جار ئاڵوگۆڕی زیندانیان كراوە، ئێستایش نزیكەی ١٥٠زیندانیی ئێران لە زیندانەكانی ھەولێر و سلێمانی ھەن و، دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، لەم مانگەدا ئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان ھەرێم و ئێران دەكرێتەوە، كە بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی ھۆشبەر سزای زیندانیكردن دراون لە ھەرێم و، لەسەر داوای خۆیان دەیانەوێت ماوەی سزاكەیان لە زیندانەكانی ئێران تەواو بكەن".
ئاكرەیی گوتیشی: "لیژنەیەك دروست دەكرێت و تەنیا ئەو زیندانانە ڕادەستی ئێران دەكەینەوە كە بە ماددەی ھۆشبەر سزا دراون و ھیچ زیندانییەكی سیاسی ڕادەستی ئەوان ناكرێتەوە، هەروەها لە زیندانەكانی ئێرانیش حەوت كەسی ھەرێمی كوردستان ھەن كە زیندانی كراون و ئەوانیش رادەستی ئێمەیان دەكەنەوە و پڕۆسەی ئاڵوگۆڕیش لە مەرزی حاجی ئۆمەران بەڕێوە دەچێت".
دەشڵێ، ھەر كەسێك بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ زیندانەكانی ئێران، بەڵێننامەی پێ پڕ دەكرێتەوە كە لەسەر داوای خۆی دەبێت و ھیچ زیندانییەكی سیاسی ڕادەستی ئەوان ناكرێتەوە، ئەویش بە ڕەزامەندیی خۆیانە نەك بە زۆری.
بڵند ئیبراھیم




