پارتی و شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی سوێد، كۆ بوونەوە
هەولێر-KDP.info- شاندێكی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی سوێد، بە مەبەستی ئاشنابوون بە دواپەرەسەندنە سیاسییەكان و تاوتووكردنی ڕەهەندەكانی دوای تێكشكاندنی داعش و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، سەردانی هەولێریان كرد و لە دیدارێكیاندا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، پرسە سیاسییەكان و ئاساییش و سەقامگیرییان لە هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایان خستە بەر باسەوە.
شاندی وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە سەرۆكایەتیی باڵیۆز ئەن دیسمۆر، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوە و یۆران بێلێرستێدت، جێگری هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی شاهانەی سوێد لە بەغدا، لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) و بە ئامادەبوونی بەرپرسی دێسكی ئەورووپای مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، كۆ بوونەوە.
شاندی وەزارەتی دەرەوەی سوێد ئامانجی سەردانی شاندی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستە روو و خۆشحاڵیی خۆیان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری ئاساییش و سەقامگیری و بەرەوپێشەوەچوونی دیمۆكراسی و پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان و ئاساییبوونەوەوی پەیوەندییەكانی ناوخۆ لە هەرێم و لێكتێكگەییشتنی نێوان هەرێم و بەغدایان بەرز نرخاند و، گرینگیی دیدار و كۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دەرەوەی سوێدیان بە تایبەتی لەگەڵ پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە پڕبایەخ وەسف كرد.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لە میانی پێشوازیكردنی لە شاندی وەزارەتی دەرەوەی سوێد و بەخێرهێنانی شاندەكە، بە تێروتەسەلی بۆ شاندی میوان باسی قۆناغی پۆست داعش، پۆست ڕێفراندۆم، ڕەهەندەكانی دوای رووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامەكانی و دیالۆگی سیاسیی نێوان لایەنەكان و سەركەوتوویی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لە عێراقدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتیكی بنكەفراوان لە عێراق لەسەر بنەمای رێزگرتن لە مافە سیاسی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرد و تاوتووی پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی لە سوێد و هەرێمی كوردستانیان كرد كە بڕیار وایە لە مانگی سێپتەمبەردا ئەنجام بدرێن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەیشدا، سیوەیلی سوپاس و ستاییشی هاوكاری و پشتیوانیی بەردەوامی گەل و حكوومەتی شاهانەی سوێدی كرد كە لەسەر ئاستی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان و هاوكاریی مرۆیی و پشتیوانیی سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی لە شەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا، سوێد خاوەن هەڵوێستێكی بەرز بووە و لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و دیدار و چاوێكەوتنەكانی نێوان گەورەبەرپرسانی هەرێمی كوردستان و شاهانەی سوێد و ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، هیوابەخشن و سوێد وەك ئەندامی نا هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ٢٠١٧/٢٠١٨ دا و هەروا بە هۆی گرینگیی پێگەی سوێد لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی بنبڕكردنی تیرۆر و توندوتیژی لە جیهاندا، دەتوانێ پشتیوانیی زیاتر لە داوا سیاسی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات.




