لە سنووری هەولێر، تاک و تەرا مامۆستا بایکۆتیان کردووە

ههولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، رایدەگەیەنێت لە سنووری هەولێر تاک و تەرا مامۆستا بایکۆتیان کردووە، ئەوانەش کاریگەریی هەندێ لایەنی سیاسییە.
بەشدار عەبدولخالق، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ئەوانیش لەگەڵ داواکردن و پێدانی مافەکانیانن، بەڵام هەندێ لایەن بۆ مەرامی سیاسی و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی بەغدا، خۆیان خزاندووەتە ناو خۆپیشاندانەکان و نیازی بەلاڕێدابردنی داواڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران.
دوای ئەوەی حکوومەت چاکسازییەکانی لە پاشەکەوتی مووچە راگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر فەرمانبەران و مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی بە گشتی، هەموو چالاکییەکان راگرتووە و گەڕاونەتەوە سەر دەوامی ئاسایی خۆیان.
بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژە دەدات، کە لە سنووری هەولێر تاک و تەرا مامۆستا هەیە بایکۆتیان کردبێت، ئەویش لەژێر کاریگەریی هەندێ لایەنی سیاسی بووە، هەندێکیش وەک چاولێکەری و گوتیشی "تەنیا ناوەندی هەولێرە بایکۆتی تیا کراوە، ئەو قوتابخانانەش بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەڵام لە کۆی ١١ی پەروەردەکەی چواردەور، هیچ قوتابخانەیەک بایکۆتی نەکردووە، لە ١ی ٤ـیشەوە دەوامی قوتابخانەکان ئاسایی دەبیتەوە".
٢٥ی٣ خۆپیشاندانی مامۆستایان لە هەندێ شار و شارۆچکەکان کران و بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، هەتاوەکو پاشەکەوتی مووچەکانیان لەسەر هەڵنەگیردرێت، ٢٨ی مانگیش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە بارەی چارەکردنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران کۆ بوونەوە، بڕیار درا بە کەمکردنەوەی پاشەکەوتەکانیان، بەڵام هێشتا لە سلێمانی خۆپیشاندان بەردەوامە، ئەو بەڕێوەبەرەی گشتییەی پەروەردەش دەڵێ: "بەردوامیی خۆپیشاندانەکان لە دوای بڕیاری کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە، تەنیا مزایەداتی سیاسییە، چونکە پەیامی فەرمانبەر و مووچەخۆران گەیشت و کاری لەسەر کرا."
خێڵان بەختیار




