ماموستایانی زانكۆ: هه‌ندێك لایه‌ن پێگه‌یان لاواز بووه و له هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن
__2018_03_28_h19m30s12__HK.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info- ماموستایانی زانكۆ باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی ده‌یكه‌ن و خۆپێشاندان بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كار دێنن به هیچ جۆرێك ڕه‌وا نییه، به‌ڵام ئه‌وانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شكستیان هێناوه پێگه‌یان لاواز بووه و له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ترسن.
هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی له به‌غدا زۆر هه‌وڵیان دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا گوشاری ئابووری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست بكات و مووچه ڕه‌وانه نه‌كات و حكوومه‌تی هه‌رێم شكست بێنێت، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه له به‌غدا شكستیان هێنا و ئێستا ده‌یانه‌وێت داواكاریی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان بۆ مه‌رامی سیاسی و حیزبی به‌كار بێنن، كه به ڕای چاودێران ئه‌مانه له‌وه ده‌ترسن كه پێگه‌یان لاواز بووه و له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ به‌ده‌ست نایەنن.
د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر، چاودێری سیاسی و ماموستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هه‌ندێك لایه‌ن له حكوومه‌ت كشانه‌وه و پێیان وابوو ئه‌و حكوومه‌ته شكست ده‌هێنێت و سه‌ركه‌وتوو نابێت و حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵیان دانانیشێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی زانیان حكوومه‌ت له ڕێگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌كه‌یه‌وه له هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا و وای كرد به‌غدا پاره بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه بكات و گفتوگۆ ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، ئێستا ئه‌و لایه‌نانه ده‌زانن كه شكستیان هێناوه و له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ به‌ده‌ست ناهێنن و پێگه‌یان لاواز بووه، بۆیه ده‌ست له خۆپێشاندانه‌كان وه‌رده‌ده‌ن و كێشه دروست ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ترسن."
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان گوتی: "ئه‌وانه‌ی ئێستا له نێو خۆپێشانده‌رانن، سه‌رۆكوه‌زیران خۆی باسی كرد هه‌ر ئه‌وانه بوون هاتبوون داوایان ده‌كرد حکوومەتی عێراق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌كات و مووچه ڕه‌وانه نه‌كات، به‌ڵام گوێیان لێ نه‌گرتوون، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی له به‌غدا شكستیان هێنا، ئێستا ده‌یانه‌وێت له نێو هه‌رێمی كوردستان بشێوی دروست بكه‌ن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێم دروست بكه‌ن، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌نگ به‌ده‌ست بێنن، چونكه ئه‌مانه خه‌می خه‌ڵكیان نییه و ته‌نیا خه‌می كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگیان هەیە."
د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر دەشڵێت: "پێویسته به یاسا كاری حیزبی و كاری خه‌ڵكی دیاری بكرێت، چونكه ناكرێ هه‌ر داواكارییه‌ك خه‌ڵك هه‌یبێت، لایه‌نه سیاسییه‌كان بێنه ناویان و بۆ مه‌رامی خۆیان داواكاریی خه‌ڵك به‌كار بێنن، كه ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك مافی لایه‌نی سیاسی نییه، ئه‌و كاره بكات، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ و كورسی زیاد بكات، چونكه ئه‌زموونمان هه‌یه له 17ی شوبات كه‌سانێك خۆپێشاندانیان كرد ته‌نیا بۆ پله و پۆست بوو."
چاودێری سیاسی و ماموستای زانكۆ، د. بوخاری عه‌بدوڵڵا، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "داواكاریی ماموستایان و فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وایه و حكوومه‌تیش ددانی پێدا ناوه و ئه‌مه زۆر ئاساییه كه داواكارییه بۆ پێداویستیی خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ خۆیان به‌كاری دێنن، ئه‌مه به هیچ جۆرێك پێویست و گونجاو نییه، چونكه ناكرێت داواكاریی مووچه بۆ مه‌رامی سیاسی و حیزبی به‌كار بهێندرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی داواكاریی خه‌ڵكی داوه‌ته‌وه."
ئه‌و ماموستایه‌ی زانكۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئه‌وانه‌ی داوای برینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن له به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن، ئه‌وه ده‌چێته خانه‌ی خیانه‌تكارییه‌وه به‌رامبه‌ر به گه‌لی كورد."
د. بوخاری عه‌بدوڵڵا ڕایشیگه‌یاند: "خه‌ڵك بۆ مافی ڕه‌وای خۆی خۆپێشاندان ده‌كات، كارێكی ڕه‌وا نییه لایه‌نه‌كان ئه‌مه بۆ خۆیان بقۆزنه‌وه، له كاتێكدا ئێمه پێویستمان به‌وه هه‌یه له‌م قۆناغه‌دا هه‌موو لایه‌نه‌كان یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كگرتوو بن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسیانە ببینه‌وه، کە له ده‌ره‌وه دێن بۆ هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك كێشه له نێوخۆ دروست بكه‌ین."
بڵند ئیبراهیم




