عەلی عەونی: حكوومەت وەڵامی بۆ داواكاریی خەڵكی هەبووە.. دەیانەوێت دۆخەكە تێك بدەن

هەولێر-KDP.info- عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، دەڵێ، هەندێك لایەن لە هەرێمی كوردستان خۆپێشاندانەكانیان بە سیاسی كردوون، بۆیە پێویستە ئەوانەی داوای مافی رەوای خۆیان دەكەن، رێگە نەدەن ئەو سیاسیانەی شكستیان خواردووە، بێن سواری شەپۆلی داواكاریی ئەوان ببن.
سەرەڕای ئەوەی هەندێك لایەن لە هەموو لایەكەوە شكستیان برد لەوەی حكوومەتی عێراق دژی هەرێمی كوردستان هان بدەن و شكستی پێ بهێنن، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتنی بە دەست هێنا و ئێستایش كە بەنیازە گۆڕانكاری لە پاشەكەوتی مووچەدا بكات، ئەو لایەنانە دەیانەوێت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا پشێوی دروست بكەن و خۆپێشاندانەكانیان بە سیاسی كردووە.
عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوەی هەندێك لایەن لەنێو خۆپێشاندانەكاندا دەیكەن، سواربوونی شەپۆلی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستانە، بۆیە ئەوانەی داوای مافی رەوای خۆیان دەكەن، پێویستە رێگری لەو سیاسیانە بكەن كە شكستیان خواردووە و لە ئاوی لێڵدا دەیانەوێ ماسی بگرن، بۆیە دەخوازێ سیاسییەكان لە نێوخۆیاندا دەربكەن، لەبەر ئەوەی ئەوان وا دەكەن خۆپێشاندان بەرەو توندوتیژی بچێت".
عەونی گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامێكی باشی بۆ داواكاریی خەڵكی هەبووە و پێویستە میللەتی ئێمە تێبگات ئەم قەیرانەی هەیە، لەئەنجامی ئەوەیە ئەو كەسانەی پێش پێنج ساڵ چوونە لای مالیكی كە مووچەی خەڵكی ببڕن، بۆ ئەوەیان بوو میللەت راپەڕین بكات، بۆیە پێویستە میللەتی ئێمە رێگە نەدات ئەو پیلانە سەر بگرێت، چونكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكاریدایە و، ئێمەیش نوێنەرێكمان هەبێت سوود لەو گۆڕانكارییە وەرگرێت و وەكوو سەردەمی هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لێ نەیەت كە كورد نوێنەری نەبوو شتێك بۆ خۆی بكات، بۆیە ئەو لایەنانە دەیانەوێت بە هەمان شێوە حكوومەت نەبێت بۆ ئەوەی هەرێم لەو گۆڕانكاریانە بێبەش بێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی ڕوونیشی كردەوە، ئەو لایەنانە پێگەیان لاواز بووە و لە هەڵبژاردنەكان دەترسن، چونكە دەزانن پارتی ئەو هەنگاوانەی ناویەتی وەكوو ریفراندۆم و شەڕی داعش و ئەوەی بەرامبەر حەشدی شەعبی و ئەو تۆڕە دیپلۆماسییەی لەگەڵ وڵاتان هەیەتی، شكستیان پێ دەبات، بۆیە ئەمە هەمووی پارتی كردوویەتی و ئەوان هیچ رۆڵێكیان لێ نەبووە، هەر لەبەر ئەوە دەیانەوێت پەنا ببەنە بەر كودەتا كە نایشزانن بە شێوەی عورف بێنە سەر حوكم، ئەگەرنا هەڵبژاردن نزیك بووەتەوە و ئەگەر دەرچوون پێرۆزیان بێت، بەڵام ئەوان دەیانەوێت پێش هەڵبژاردن دۆخەكە تێك بدەن، بۆیە پێویستە خەڵك رێگری لەو هەوڵەی ئەوان بكات".
ئەو هەروەها راشیگەیاند: "ئەو خۆپێشاندانانەی كە دەكرێن، بە سیاسی كراون، ئەگەر نا پەرلەمانتارانی ئیسلامی و گۆڕان لە بەغدا قسەیەكی خێریان بۆ كورد نەكردووە و، ئێستا هاتوون بۆ ناو خۆپێشاندان نە پزیشكن و نە مامۆستان، بۆیە ئەمە هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و تازە هاتوون باس لەوە دەكەن كە عەبادی درۆزنە، لە كاتێكدا ئێمە حەوت ساڵ پێش ئێستا وامان دەگوت، كەچی ئەوان باسیان لەوە دەكرد كە پارتی كێشەی كەسیی لەگەڵ بەغدادا هەیە".
بڵند ئیبراهیم




