٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولسەلام بەرواری: دیارە گوریسی پەكەكە لە دەستی كێدایە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- شرۆڤەكاری سیاسی، عەبدولسەلام بەرواری، زانیاریی ورد لەبارەی پیلانی وڵاتانی دەوروبەر بۆ سەر شنگال ئاشكرا دەكات، كە پەكەكە لەگەڵ عێراق رێك كەوتووە دەروازەیەكی سنووری بۆ بەغدا بكاتەوە لەگەڵ توركیا و دەشڵێ، پەكەكە خۆی پێی خۆشە توركیا ھێرشی سەر شنگال بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیلانە.

عەبدولسەلام بەرواری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەگەر تەماشای رەفتارەكانی پەكەكە بكەین لەم دە ساڵەی دواییدا، ھیچ كات فاكتەری چارەسەری نەبووە، بە تایبەتی كێشەی بۆ ھەرێمی كوردستان دەنایەوە، پەكەكە لە ژێر چەند ناوێكەوە ڕەگی لە شنگال داكۆتاوە، بۆ نموونە ھێزێكیان بە ناوی یەكینەی پاراستنی شنگال ھەیە كە پێشتر لە سەردەمی نووری مالیكی رێككەوتنیان ھەبوو، ئێستایش كە ھێزەكانی عێراق چوونەتە شنگال، ئەو ھێزانەی پەكەكە بە ناوی پاراستنی شنگال لە شوێنی خۆیان ماون و توركیایش ئەوە دەزانێت، لەبەر ئەوەیش توركیا جیددییە لە ھێرشكردن و دەیەوێ پەكەكە لەو سنوورە نەمێنێت، من لەو باوەڕەدام پەكەكە ھێزی ماوە لە شنگال و لە ژێر ھەر ناوێكیشدا ھێزەكانیان لە شنگال بمێنن، بۆیان ناچێتە سەر و لە بنەڕەتدا پەكەكە پێی خۆشە توركیا بێتە ناوچە".

ھەینیی رابردوو، بەرپرسانی پەكەكە لێدوانێكی فەرمییان لە شنگال بڵاو كردەوە و تێدا ئاشكرایان كرد، بە ھۆی ھەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر شنگال، لەگەڵ بەغدا رێك كەوتوون چەكدارەكانیان لەو سنوورە بكێشنەوە، بەڵام دوێنێ سێشەمە بەرپرسێكی پەكەكە رایگەیاند، ئەگەر توركیا ھێرش بكاتە سەر شنگال، دەستەوەستان نابن و وەڵامیان دەبێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە بەشێك لە ھێزەكانی بە ناوی دیكە لە قەزای شنگال ماون و ناكشێنەوە، ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە گوتی: "سرووشتی پەكەكە وایە ھاوشێوەی رێكخراوەكانی دیكەی وەك ئەوانن پێشتر موجاھیدینی خەلق و خەڵكی دیكە ھەبوون، درووشمی زۆر گەورەیان بەرز كردەوە و ھیچیشیان پێ نەكرا، ئێمە لە دوای راپەڕین كە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستانمان دامەزراند، لەو رۆژەوە پەكەكە ددان بە ھەرێمی كوردستاندا نانێت و دژن، چەندین جار پەكەكە ھەوڵی دا ئیدارە دروست بكات، بۆ نموونە سەردەمێك ویستی كۆماری زاپ دامەزرێنێت لە قەندیل، ھەوڵێكی زۆریان دا ھەرێمێك دامەزرێنن، لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش ویستیان شنگال داببڕێنێن و بیكەن بە كانتۆن، لە ھەر پارچەیەكی كوردستان كورد سەركەوتنی ھەبێت، پەكەكە ھەوڵی شكستپێھانان دەدات، لەبیری ھەموومانە ھەدەپە چ سەركەوتنێكی لە توركیا بەدەست ھێنا، كەچی پەكەكە گوشاری دروست كرد بۆ ئەوەی شەڕ لە باكوور بكرێت و زیاتر لە ٧٠ گوند و شاری كوردان بەو ھۆیەوە خاپوور كران و پڕۆسەی ئاشتییش لەبار برا".

 بەرواری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بە تایبەتی سەركردایەتیی پەكەكە لە قەندیل دیارە گوریسیان لە دەستی كێدایە و بوونەتە بەشێك لە یاریەكی گەورە لە ناوچەكەدا، ئینجا لە بەرژەوەندیی ئێران یانیش توندڕەوەكانی توركدا بێت، چونكە بە ھۆی ئەو رەفتارانەی پەكەكەوە بەھانە دەدرێتە دەست نەتەوەپەرستەكانی توركیا بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر ھەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە میللەتی كورد".

وەك عەبدولسەلام بەرواری دەڵێ: "پەكەكە بە مانەوەی خۆی لە شنگال دەیەوێ بەھانە بداتە دەست توركیا تا ھێرشی شنگال بكات و، سێگوشەی سنووریی نێوان توركیا و عێراق و سووریا بكەوێتە دەست عێراق و توركیا، چونكە بەغدا پیلانی ھەبوو تا سنووری فیشخابوور و سێمالكا پێشڕەوی بكات، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بەرەنگاری ھێرشی سوپای عێراق و حەشد بووەوە و ھەموو لایەك بینییان پێشمەرگە چۆن وەڵامی عێراقی دایەوە، مەبەستمە بڵێم، نە لەشكری بەغدا توانی پێشڕەوی بۆ سنوور بكات و نە توركیا توانی ھاوكاریی عێراق بكات، راستییەكەی ئەوەیە پەكەكە دەیەوێ بە یەك بەرد دوو ئامانج بپێكێ، یەكەم دەیەوێ بە ھۆی ئەو ئاڵۆزییەوە پێگەی ھەرێمی كوردستان لاواز بكات، دووەم دەیەوێ خۆی شیرین بكات لای بەغدا و ئەو سنوورە بكەوێتە دەست بەغدا، تا دەروازەیەكی سنووریی نێوان و توركیا و عێراق بكەوێتە دەست حكوومەتی بەغدا".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار