٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری: حکوومەت ئامادەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەک کە بەرانبەر بە خۆپێشاندەران ئەنجام درابێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info  ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠١٨ لە چەند شارێکی کورستان مامۆستایان بۆ داواکردنی مافەکانیان و نەمانی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە خۆپێشاندانیان ئەنجام دا، هێزە ئەمنییەکانیش سەرەڕای ئەوەی خۆپێشاندانەکان مۆڵەتی یاساییان نەبوو و درکیان بەوە کرد کە کەسانێک و چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن دەیانەوێ خۆپێشاندانەکان بە ئاقارێکی تردا ببەن، دوور لە مەبەستی سەرەکیی خۆپێشاندان، بەڵام ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی گیان و سەروماڵی هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە ڕووداوی نەخوازراو و بشێوی و ئاژاوە لە کاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندانەکان بەجێ هێنا.

 

دەربارەی خۆپێشاندانەکانی مامۆستایان، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا گوتی: "لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپێشاندان هەیە کە بە یاسای (رێکخستنی خۆپێشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵى(2010) ناسراوە، کە خۆپێشاندانەکان ڕێک دەخات و شێواز و کات و ئامانجى خۆپێشاندان بە وردى دیارى دەکات. بە پێى ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێکى یاسایى و دەستوورییە لە لایەن هاووڵاتییانەوە پیادە بکرێت، بۆیە هەر خۆپێشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت پێویستە مۆڵەت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان خۆپێشاندانی جیاجیا لە کوردستان ئەنجام دراوە لە لایەن قوتابییان و مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا و تێیدا داوای مافی  ڕەوای خۆیان کردووە. دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیش ئەرکی پاراستنی خۆپێشاندانەکانیان ئەنجام داوە،  تەنانەت زۆر جار مافی دامودەزگا و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانیش پێشێل کراوە.

 

سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی مامۆستایانی هەولێر، دیندار زێباری گوتی: لەو خۆپێشاندانەدا چەند لایەنێکی سیاسی هەوڵیان داوە سوود لە داوا ڕەواکانی خەڵک، بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپێشاندانی مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان، هەرچەندە کەسانێکی گێرەشێوێن خۆیان خزاندبووە نێو خۆپێشاندەران بۆ ئیستفزازکردنی لایەنە ئەمنییەکان بە جنێودان و قسەی ناشیرین، تەنانەت ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنی سیاسی لە نێو خۆپێشاندەران ئامادە بوون و بە وشەی نەشیاو و هوتافکێشان و بەرزکردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی خۆیان وەک نوێنەری مامۆستایان ناساند، بەڵام خودی خۆپێشاندەران ڕازی نەبوون بەم ڕەفتارانە و ئاگاداریان کردبوونەوە کە پێویستە لە پەرلەمان بەرگری لە خەڵک بکەن، بەتایبەتی بە دەرکردنی یاساکان، نەک لێرە هەوڵ بدەن ناڕەزایی خەڵک بۆ مەرامی سیاسی بقۆزنەوە. سەرەڕای ئەمەش دەزگا ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەکە لە مەبەستی سەرەکیی خۆی دوور نەکەوێتەوە.

 

سەبارەت بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران و دەستگیرکردنی ژمارەیەکیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، د. دیندار زێباری گوتی: ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی کە کاری تێکدەرانەیان ئەنجام داوە و خودی خۆپێشاندانەکەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە، تەنانەت بەشێک لە خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندێکی پۆلیس و بە چەقۆ برینداری کردووە و ئێستا ئەم کارمەندە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە، چونکە ئەو کەسەی کە هانی داوە بۆ لێدانی ئەو کارمەندەی پۆلیس سەر بە لایەنێکی سیاسی بووە و ئەوەی لێشی داوە سەر بە لایەنێکی سیاسیی دیکە بووە و ئەوانیش ناسراون، بەڵام تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر هێزە ئەمنییەکان تۆمار نەکراوە لە لایەن هیچ کەسێکەوە. لە لایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ئامادەن بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە خۆپێشاندەران ئەنجام درابێت.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم گوتی: بە پێى یاسای خۆپێشاندانی هەرێمی کوردستان ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتییان و خۆپێشاندەران بپارێزن لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان و ڕێگاگرتن لە هەر بشێوی و گێرەشێوێنییەک کە ببێتە هەڕەشەی لەسەر گیان و سەروماڵی هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکوومەت و موڵکی گشتی. لایەنە ئەمنییەکان هاریکار بوون سەرەڕای ئەوەی کە لە ئەنجامی ئەم خۆپێشاندانانەی پێش ماوەیەک لە چەند ناوچەیەکی سلێمانی ئەنجام درا زەرەر و زیانێکى زۆریان بە موڵکی گشتى و دامودەزگاکانی حکوومەت گەیاندووە لە ئەنجامی ئەو هێرشەی کرایە سەر ئەو دامودەزگایانە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئاسایش وەک ئەندامانی (الضبط القضائی)  لە کاتی ڕوودانی بشێویدا مافی ڕاگرتنی  هاووڵاتییانی بەشداربووی خۆپێشاندانیان هەیە، تا ئەو کاتەی دۆسییەکەیان ڕەوانەی دادوەر دەکرێت.


 

هەواڵی پەیوەندیدار