لۆردێکی بەریتانیا: پشتگیری لە گەلی کوردستان دەکەین

بەریتانیا-KDP.info- بەناوبانگترین لۆردی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا، مێشێل ئاشکرۆفت لە دیداریدا لەگەڵ فەلاح حەسەن، جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیهان دەڵێ، پشتگیریی تەواو لە گەلی کوردستان دەکات.
لە دیدارێکی فەرمیی جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان، فەلاح حەسەن، کە لاوێکی باشووری کوردستانە، لەگەڵ لۆردە بەناوبانگەکەی بەریتانیا، لۆرد مێشێڵ ئاشکرۆفت، سەر بە پارتی کۆنزێرڤاتیڤی بەریتانیا و پارتی دەسەڵاتدار، باس لە دواین ڕەوشی سیاسیی ھەرێمی کوردستانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا. فەلاح حەسەن، داوای لە لۆرد ئاشکرۆفت کردووە کە پشتگیری لە گەلی کوردستان و بەتایبەتی چینی لاوان بکات.
لۆرد ئاشکرۆفت بە جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھانی ڕاگەیاندووە کە ''لە پێگەکەی خۆمەوە بە تەواوی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان و ئایندەی لاوانی ھەرێمی کوردستان دەکەم." هەروەها باسی لە قارەمانیەتیی گەلی کورد و پێشمەرگە کردووە، کە بەرەنگاری شەڕی تیرۆر بوونەتەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
شایانی باسە، لۆرد ئاشکرۆفت بە گەورەترین و بەناوبانگترین لۆردی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا ھەژمار دەکرێت و جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان دەڵێت، ئەو دیدارە، خۆی پشتگیرییە بۆ لاوانی کوردستان.




