٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگای هەولێر: داواكاریی بۆ گردبوونەوە پێشكەش نەكراوە.. پێچەوانەی یاسایه‌

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- كاروباری ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، هیچ  داواكارییەكیان پێ نەگەییشتووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ یاخود رۆژێكی دیكە، گردبوونەوە یانیش خۆپێشاندان لە هەولێر بكرێت.

كاروباری ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، لە رایگەیێندراوێكدا، كە كۆپییەكی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، ڕایگەیاندووە كە، ھیچ داواكارییەك بۆ گردبوونەوە یان خۆپێشاندان بۆ ئەمڕۆ دووشەممە یان ڕۆژانی دیكە پێشكەش نەكراوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، ھەر كەس و لایەنێك بانگەشەی ئەوە بكات، ڕاست نییە و پێچەوانەی ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٠ی ڕێكخستنی خۆپێشاندانی ھەرێمی كوردستانە، كە دەبێت داواكاریی خۆپێشاندان لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیارەوە پێش وادەی ئەنجامدانی بە ٤٨ سەعات، پێشكەش بە لایەنی پەیوەندیدار بكرێت .

لای خۆیشیەوە، هەمزە حامید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، خۆپێشاندانەكەی دوێنێش بێ مۆڵەت بووە، بۆیەیش توندوتیژیی لێ كەوتووەتەوە، چونكە ئەگەر بە مۆڵەت بێت، هێزی پۆلیسیان بۆ دابین دەكرێت بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێ بكات و، هەر شتێك هەبێت دەكەوێتە ئەستۆی پۆلیس، بەڵام بێ مۆڵەت بوو، بۆیە بەرپرسیارەتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی كارەكەیان ئەنجام داوە.

دوێنێ لە شاری هەولێر، گردبوونەوە لە چەند شوێنێك بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران ئەنجام درا و، لە هەندێك شوێن خۆپێشاندانەكە بە لاڕێدا بردرا و توندوتیژیی لی كەوتەوە، دواتریش حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەم حەفتەیەدا كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن و تێیدا دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار