٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی هەولێر پلانی ئەمنی ڕادەگەیەنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە هاوكاریی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی تر، پلانێكی ئەمنی بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز دادەڕێژێت.

 

لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بە هاوكاری و هەماهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی بەرگریی شارستانی و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەی داڕشتووە.

 

لیوا عەبدولخالق دەڵێت: "لە پلانە ئەمنییەكەدا تیمەكانمان لە ناو شاردا لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی دەكەن".

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەوەیشی خستە ڕوو، وێڕای مەفرەزەی گەڕۆك كە لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی دەگەڕێن، هێزە هاوبەشەكەیان لە سەیرانگاكانیشدا ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنی دەگرنە بەر.

 

دەشڵێت، پلانەكە لە 11ی ئەم مانگەوە دەستی پێ كردووە و تا دوای نەورۆزیش بەردەوام دەبێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی هەولێر و دەوروبەری بكەن و، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگییەكی تەواو لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر كراوە تا ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت.

 

ئومێد بابان


 

هەواڵی پەیوەندیدار