٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێزێكی سەربازی، شوێنەوارێكی هەورامانیان تەقاندەوە.. خۆیان بە دژەتیرۆر ناساندووە

سەرچاوە: KDP.info
ئه‌و پێدوایستیانه‌ی له‌ شوێنی ته‌قینه‌وه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه‌. بیاره‌.

 

هەورامان-KDP.info-  شەوی ڕابرد، هێزێكی ئەمنی كە وه‌ك ده‌ڵێن 50 كەس دەبوون، بە چەكی قورسەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر قەڵای "زەنگی سیاو" لە گوندی نارنجڵەی سەر بە شارەدێی بیارە و تەقاندوویانەتەوە. وەك هاووڵاتییەكی گوندەكەیش گوتی، هێزەكە بە زمانی كوردی قسەیان كردووە و خۆیشیان بە دژەتیرۆر ناساندووە.

 
حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "لەلایەن ئەنجوومەنی گوندی ناڕنجڵەوە ئاگادار كراینەوە لە بوونی هێزێكی ئەمنی لە گوندەكەیان، پاش بەدواداچوونمان، دەركەوت كە هێزێكی ئەمنی بووە و 50 كەسێك بوون و، شوێنەواری قەڵای زەنگی سیاویان تەقاندووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئێمەیش نازانین ئامانجی ئەو هێزە چی بووە".
حەمید بارام ده‌ڵێ، پارێزگار و قایمقایی هەڵەبجەیان لە ڕووداوەكە ئاگادار كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، گوتیشی ''بەپێی ئەو زانیاریانەی منیش لامە، هێزەكە بە ئەنجوومەنی گوندەكەیان گوتووە كە سەر بە دەزگایەكی ئەمنین و بە زمانی كوردی قسەیان لەگەڵدا كردوون".

قەڵای زەنگی سیاو، دەكەوێتە گوندی ناڕنجڵەی سەر بە شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە‌ و، وەك مێژوونووسان باسی دەكەن، لە سەردەمی زوودا جوولەكەكانی ئەو ناوچەیەی لێ نیشتەجێ بوون.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری وەنەوشە هاتوونەتە ئەم قەڵایە و چاودێریی شوێنەكەیان كردووە، ئەمشەویش 50 كەس بە جلوبەرگی ڕەشی سەربازییەوە چوونه‌ته‌ ناوچەكە.
هاووڵاتییەكی گوندەكە، كە بە چاوی خۆی هێزەكەی بینیوە و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆی نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، زانیاریی زیاتری به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دا و گوتی: "هێزەكە بە 4 مێكزەمینیی ڕەش كە چەكی جۆری بیكەیسی و دۆشكەیان بەسەرەوە بووە، لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تاهۆی ڕەش و دوو وەنەوشەی ڕەش، هاتنە ناوچەكە و تەواوی شوێنەكەیان بە هێز تەنی، هاووڵاتیانی گوندەكەیش لێیان پرسیون ئێوە كێن، هێزەكە پێیان گوتوون واز بێنن و ئەوە ئیشی خۆمانە، ئێمە دژەتیرۆرین".
ئه‌و شایه‌تحاڵه‌ هه‌روه‌ها گوتی: "ئۆتۆمبێلێكی جۆری مێگزەمینیی ئاساییش، شەو هاتە شوێنی ڕووداوەكە، بەڵام لەلایەن ئەو هێزەوە گەڕێندرانەوە و ڕێگەیان نەدا نزیك ببنەوە، لێیان".
ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا: "سەعات 12ـی شەوی ڕابرد، قەڵاكەیان تەقاندەوە و 2ـی شەو و 3ـی شەویش، جارێكی تر تەقاندیانەوە، پێش تەقاندنەوەیشی، بە دڕێل شاخەكەیان كون دەكرد، بە هۆی ئەوەیش كە تەقینەوەكان زۆر بەهێز بوون، ماڵێك لە خواری قەڵاكەیە تەواوی جامی پەنجەرەكانیان شكاون".

بەپێی زانیارییەكان، سەعات 4ـی بەرەبەیانیی دوێنێ، دوو وەنەوشەی جامڕەش، كە ژمارەی پارێزگای ئەنباریان پێوە بووە، لەناو بازاڕی شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بیندراون‌.

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار