حكوومەتی هەرێم، 60 ملیۆن دیناری بۆ یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە تەرخان كردووە

هەڵەبجە-KDP.info- ڕۆژی 16ـی 3، لە پارێزگای هەڵەبجە بە ئامادەبوونی كەسوكاری شەهیدان و بەرپرسانی حیزبی و حكوومی و میوانانی بیانی، یادی 30 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت و، حكوومەتی هەرێمیش 60 ملیۆن دیناری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كردووە.
سەرخێڵ غەفار، گوتەبێژی فێستیڤاڵی 30 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەكی باڵا و چەند لیژنەیەكی لاوەكی بۆ بەڕیوەبردنی یادی 30 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە پێك هێندراون، كە وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانیش سەرپەرشتی دەكات".
غەفار دەڵێت: "لیژنەی باڵای یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بڕیاری داوە كە ئەمساڵ یادی كیمیاباران لەناو یاریگەی داخراوی هەڵەبجە بكاتەوە و، لە سەعات 10ـی پێشنیوەڕۆ بە خوێندنەوەی چەند گوتارێك دەست بە یادەكە دەكرێت و سەعات 11 لەسەر مەزاری شەهیدان تاجەگوڵینە دادەنرێت".
وەك گوتەبێژەكەی فێستیڤاڵی 30 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە گوتی، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بڕی 60 ملیۆن دینار بۆ یادی 30 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە تەرخان كراوە، تاوەكوو بتواندرێت بە شێوەیەكی زۆر باش یادەكە بەڕێوە بچێت. لە ڕێگەی وەزارەتی شەهیدانیشەوە، سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان بانگهێشت كراون، هەروەها بانگهێشتنامە ئاڕاستەی باڵیۆزان و كۆنسووڵی وڵاتان كراوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، كە بەشێكی زۆری باڵیۆز و كۆنسووڵی وڵاتان ئامادەی یادەكە دەبن.
سەرخێڵ غەفار گوتیشی، شاندێكی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی مەهدی حەلاق، بەشداری لە مەراسیمەكەدا دەكات و گوتاریان دەبێت.
یادی كیمیابارانی هەڵەبجە، دوو ڕۆژ دەخایەنێت كە 7 چالاكیی هونەری، ڕۆشنبیری و وەرزشی لە خۆ دەگرێت و تایبەتە بە 30 ساڵەی مەرگەساتی هەڵەبجە.
گوتەبێژی فێستیڤاڵی 30 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە، هەروەها هێمای بۆ ئەوە كرد: "دوانیوەڕۆی 16ـی مانگ، لە زانكۆی هەڵەبجە پانێڵێك لەسەر تاوانی جینۆساید لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە بەڕێوە دەچێت".
ڕۆژی 16ـی 3ـی 1988، ڕژێمی سەددام حوسێن دڕندانە كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی كرد، كە لە 5 هەزار شەهید و 10 هەزار بریندار و سەدان بێسەروشوێنی لێ كەوتەوە، لە ئێستایشدا دەیان كەس بە هۆی كاریگەریی چەكی كیمیاییەوە بە دەم ئازارەوە دەتلێنەوە و گیان لە دەست دەدەن.
16ـی 3ـی هەموو ساڵێك، لە هەڵەبجە شار و شارۆچەكانی كوردستان و وڵاتانی جیهان، یادی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەكرێتەوە.
هێڤیار هەڵەبجەیی




