٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆڵەمەڕی: فەڕەنسا لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info
 
فەڕەنسا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا دەڵێ، فەڕەنسا پێشوازی لە كردنەوەی فڕگەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و، بەردەوامیش دەبێت لە هاوكاریكردنی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.
 
دوێنی دوای گفتوگۆیەكی زۆر لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، دواجار سەرۆكوەزیرانی عێراق گەمارۆی سەر فڕگەكانی هەرێمی كوردستانی هەڵگرت و، بڕیاریشە سبەی بە فەرمی فڕگەكان بكرێنەوە.
 
لەو بارەیەوە، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆڵەمەڕی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا فەڕەنسا رۆڵێكی باشی هەبووە بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارە بكرێن و، دوای بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕگەكانی هەرێم، سەرۆكی فەڕەنسا پێشوازی لەو بڕیارە دەكات و باسی لەوەیش كردووە كە، هاوكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ بەهێزكردنی دیالۆگی نیشتیمانی لە عێراقدا".
 
‏وەك دۆڵەمەڕی گوتی، ئەمە هەڵوێستێكی زۆر باشە لەلایەن فەڕەنسا بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی كوردستان و، فەڕەنسا دەیەوێت دیالۆگی نیشتیمانی لە عێراق هەبێت و تەواوی مافی هەموو پێكهاتەكان دابین بكرێت، كە ئەمەیش رۆڵێكی زۆر ئەرێنی و باشە.
 
حكومه‌تی عێراق رۆژی 29/9/2017 وه‌ك سزادانی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی راگرت و چه‌ندین سزای دیكه‌یشی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پاند.
 
بڵند ئیبراهیم
 
 
 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار