٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

له‌ 115 ساڵه‌ی لەدایكبوونی باوكی ڕۆحیدا، چالاكیی جۆراوجۆر ساز دەدرێن

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، بارزانیی نەمر لە گوندی بارزان لە دایك بوو، بۆ بەرزراگرتنی یادی 115 ساڵەی لەدایكبوونی باوكی رۆحیی كورد، ئەمڕۆ كوردستانیان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا و هاوكات كوردستانیان لە زۆر وڵاتانی دنیا، چالاكیی جۆراوجۆر بەم بۆنەیەوە ساز دەدەن.

بەسەردانی كوردستانیان بۆ سەر مەزاری نەمران لە بارزان و بە كۆڕ و سیمینار و هەروەها چاندنی نەمام ساڵیادی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر بەرز ڕادەگیرێت.

سیاسی، ئاكادیمی و ڕۆشنبیران و هاووڵاتیانی كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، كه‌ بارزانی ئەو سەركردە مه‌زنه‌ مەیدانییە بوو، كە بەرەنجامی واقیعی میژووە و، لە خەباتی مەیدانییشدا خوڵقێنەری میژووە، ئەو لەناو هەستی خەڵكدا وجودی هەبوو، بۆیە لە میژووی ژیانیدا توانیویەتی هەموو كاتیك هەستی خەڵك بۆ شۆڕش و به‌رگری و خۆشەویستیی نیشتیمان بجووڵێنێت. بارزانی ئەو سەركردە میللییە بوو، كە گەلی بە سەرچاوەی بریار و، حیزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆیشی بە خزمەتكاری گەل دەزانی.

مەلامستەفا، كوڕی شێخ محەممەدی بارزانی، لە 14/3ی ساڵی 1903 لە گوندی بارزان لەدایك بووە و لە 1ـی ئازاری ساڵی 1979، لە ئەمریكا كۆچی دوای كرد، لە چواری ئادار ڕوفاتی بارزانیی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و دواتر بە هەلیكۆپتەر، گەیێندرایەوە شاری شنۆی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و لەوێیشه‌وه‌ لەلایەن سەدانهەزار كەس لە پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی رۆژهەڵات و كوردانی باكوور و رۆژئاوا پێشوازی  له‌ ڕووفاتی بارزانی كرا، كە لەو رۆژەدا لە سنوورەكان پەڕیبوونەوە، تا لە ماڵئاواییكردن و به‌خاكسپاردنی ئه‌و سه‌رۆكه‌ مێژووكرده‌دا بەشدار بن.
لە رۆژی پێنجی ئاداردا، ڕووفاتی بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ و لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاك سپێردرا، بەوەش كوردستان و گەلانی ئازادیخوازی جیهان یەكێك لە مەزنترین سەركردە شۆڕشگێڕەكانی مێژووی خەباتی گەلانی جیهانی سێیه‌میان لە دەست چوو، پاش ئەوەی ئەو سەركردە مەزنە كە رابەرایەتیی بزاڤی ڕزگاریخوازی هاوچەرخی كوردستانی بۆ ماوەی نیو سەدە، لە پێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و پڕسەرفرازی بۆ گەلی كوردستان كرد، بارزانی، رەمزی یەكبوونی گەلی كوردستان بوو، تەنانەت پاش كۆچباربوونیشی بووه‌تە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە هەموو جیهاندا و بووه‌تە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتیمانی گەلی كوردستانیش.
بارزانی، بە نەمری لەناو میللەتەكەیدا و بە مەزنی لەناو مێژووی جیهاندا مایەوە، لە پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992، ڕوفاتی بارزانیی نەمر و شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆوه‌ هێنرانەوە بۆ كوردستان و بە خاكی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاك سپێردران.
شیاوی بیرخستنه‌وه‌یه‌، بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، 14ی ئاداری هەموو ساڵێك كە رۆژی لەدایكبوونی بارزانیی نەمرە، لە كوردستان بووه‌تە پشووی فەرمی، هەر بەو بۆنەیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو رۆژ پشووی راگەیاند.

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار