له نزیك مه‌خموور، گرووپێكی داعشان كرایه ئامانج.. مه‌ترسین بۆ ناوچه‌كه

هه‌ولێر-KDP.info- فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان له سنووری قه‌زای مه‌خموور، گرووپێكی داعشانیان كرده ئامانج و، به‌رپرسێكی ناوچه‌كه ده‌ڵێ، داعش له سنووره‌كه هه‌یه و مه‌ترسییه بۆ سه‌ر دانیشتوانی سنووری مه‌خموور.
فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه كه نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه، گوتی، ئه‌مشه‌وی یه‌كشه‌ممه‌یه، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان دوو جار تیرۆریستانی ڕێكخراوی داعشان له چیای قه‌ره‌چۆغ كردووته ئامانج و، وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش له نزیك گوندی (عه‌لی ڕه‌ش)ی سه‌ربه ناحیه‌ی قه‌راج كراونه‌ته ئامانج.
گوتیشی، هێشتا زانیاری به‌رده‌ست نییه ژماره‌ی كوژراوانی داعش چه‌نده، ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته نێوانی پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان و كه‌سی تێدا نییه.\
مه‌سعوود نووری، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی مه‌لاقه‌ره، ئه‌و سنووره‌ی كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی لێن، ده‌ڵێ، له ڕووی ئه‌منییه‌وه سنووری ئێمه ئارامه، به‌ڵام هه‌بوونی داعش له ده‌وروبه‌ری ناوچه‌كه ناشارێته‌وه و بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی زانیاری دا، كه ئه‌و داعشانه‌ی له سنووری قه‌زای حه‌ویجه بوون، ئێستا زیاتر روویان له ده‌شتی قه‌راجی سه‌ر به مه‌خموور كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ستراتیژییه و ده‌كه‌وێته نێوان سێ پارێزگاوه، پارێزگای هه‌ولێر و مووسڵ و كه‌ركووك.
ناحیه‌ی قه‌راج ده‌كه‌وێت سنووری قه‌زای مه‌خموور و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و چه‌ند گوندێكی عه‌ره‌بیش له‌خۆ ده‌گرێت، له شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا پێشمه‌رگه له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین شه‌هید له پێناو پاراستنی‌دا داوه و دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش، ناوچه‌كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كانه‌وه داگیر كرا.
فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ڵێ "چه‌كدارانی داعش له سنووری قه‌راج و ده‌شتی مه‌خموور ده‌بیندرێن و له بناری چیای قه‌ره‌چۆغ بنكه و حه‌شارگه‌یان داناوه، به‌ڵام شوێنێكی سه‌خته و له‌ژێر كۆنتڕۆڵی كه‌سدا نییه. له كۆتاییی ساڵی رابردوودا هێزه‌كانمان هێرشیان كرده سه‌ر گرووپێكی داعش و له‌ناوی بردن، به گشتی پاشماوه‌ی داعش هه‌موو له‌و سنووره كۆ بوونه‌ته‌وه و چالاكییان هه‌یه.''
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی مه‌لاقه‌ره‌ش نایشارێته‌وه كه، هه‌بوونی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كه مه‌ترسییه بۆ سه‌ر خه‌ڵكی سنووره‌ی مه‌خموور و سه‌رگه‌ڕان، ''چه‌ندین جار هاووڵاتیانی سنووره‌كه چه‌كداره‌كانی داعشانیان بینیوه و له ناو ئه‌شكه‌وتوو شوێنه‌كانی دیكه خۆیان ده‌شارنه‌وه و، كردوویاننه‌ته حه‌شارگه‌ی خۆیان.''
قائید میرۆ




