محه‌مه‌د بازیانی: هاوتاكردنی مووچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بێویژدانییه
__2018_03_11_h16m4s1__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیاری هاوتاكردنی مووچه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به مووچه‌ی سوپای عێراق ده‌ركرد و شرۆڤه‌كارێكیش پێی وایه، ئه‌و بڕیاره بێویژدانییه به‌رامبه‌ر به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كرێت.
دكتۆر محه‌مه‌د بازیانی، شرۆڤه‌كاری سیاسی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بڕیاری هاوتاكردنی مووچه و ئیمتیازاتی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌وه بێویژدانییه‌كی گه‌وره‌یه ده‌رحه‌ق به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كرێت، چونكه پێشمه‌رگه وه‌ك سیمبولێكی زۆر گه‌روه‌یه، نه‌ك له نێو كوردستان، بگرە له‌سه‌ر ئاستی جیهان، كه ده‌توانێ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی بوه‌ستێت و حكوومه‌تی عێراق و سوپای عێراق نه‌یانده‌توانی به‌ره‌نگاری داعش ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر له ڕێگه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه نه‌بوایه، هه‌ر دوێنێ بوو هه‌تا له نێو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشمه‌رگه داعشی تێك نه‌شكاند، هێزه عێراقییه‌كان ئه‌و هێزه نه‌بوون، به‌ره‌نگاری تیرۆریستان ببنه‌وه."
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به درێژاییی مێژوو به‌ره‌نگاری زۆڵم و سته‌م له عێراقدا بوونه‌ته‌وه و له ماوه‌ی سێ ساڵ شه‌ڕی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشیشدا پێشمه‌رگه به هاوكاریی هاوپه‌یمانان توانی شكست به گه‌وره‌ترین و دڕه‌نده‌ترین گرووپی تیرۆریستی بهێنێت. له‌م باره‌یه‌وه، ئه‌و شرۆڤه‌كاره سیاسییه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "له‌بری ئه‌وه‌ی پاداشتی پێشمه‌رگه بدرێته‌وه، پشتگوێ ده‌خرێت، كه‌چی حه‌شدی شه‌عبی كه به بڕیارێكی مه‌زهه‌بی دروست بووه، ئه‌و مافه‌ی پێ ده‌درێت وه‌ك سوپای عێراق ته‌ماشا ده‌كرێت و هه‌مان مووچه‌ی سوپای عێراق و هێزه ئه‌منییه‌كان به حه‌شدی شه‌عبی ده‌درێت، ئه‌مه‌ش ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی و هاوشێوه‌كانی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان ده‌یكه‌ن."
دكتۆر محه‌مه‌د بازیانی گوتی: "بڕیاری هاوتاكردنی مووچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به سوپای عێراق شكستی ئه‌مریكایه له عێراقدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی ئه‌مریكا نه‌یتوانی سه‌ركه‌وێت له عێراقدا به‌رامبه‌ر به ئێران كه له پشتی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ن و ئه‌و فكره مه‌زهه‌بییه سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر ئه‌مریكادا كه پێشتر پڕۆپاگەنده‌ی دژی حه‌شد ده‌كرد."
حه‌شدی شه‌عبی به بڕیاری مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق له ساڵی 2014 دامه‌زرا و له ده‌یان گرووپی جیاوازی مه‌زهه‌بی پێك هاتوون، به پێی ڕاپۆرته‌كانی مافی مرۆڤ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی تۆمه‌تبارن به ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگی و دژە مرۆڤایه‌تی و له زۆر ناوچه‌ی عێراق كۆمه‌ڵكوژییان ئه‌نجام داوه.
قائید میرۆ




