٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەلیل ئیسماعیل: بەغدا هەمیشە مەبەستی لاوازكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بووە

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- دكتۆر خەلیل ئیسماعیل، مامۆستای زانكۆ ڕایدەگەیێنێت، دوای نزیكەی سەدەیەك لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، هێشتا دەستەڵاتدارانی عێراق بەردەوامن لە دژایەتیكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد و، دەیانەوێ بەناوی مووچەوە پیلانەكەیان جێبەجێ بكەن. دەشڵێ، بەغدا لە كۆن و ئێستایشدا كار بۆ ئەوە دەكات بزووتنەوەی كورد لاواز بكات و رێژەی كورد لە عێراقدا كەم بكرێتەوە.
 
دكتۆر خەلیل ئیسماعیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان  و حكوومەتی عێراق بۆ سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێنەوە، چونكە گەلی كورد لە باشووری كوردستان بەردەوام كێشەی هەبووە لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، لەبەر ئەوەی حكوومەتەكانی ئێستا و رابردووی عێراق دوو ئامانجی سەرەكییان هەیە، ئەویش دژایەتیكردنی بزووتنەوەی كوردی و لاوازكردنی، هەروەها كەمكردنەوەی رێژەی كورد لە عێراقدا".
 
ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر  رێككەوتنامەی 11ـی ئازاری ساڵی 1970ـدا تێدەپەڕێت، كە بەپێی رێككەوتنی نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بۆ یەكەم جار  بەغدا ددانی بە مافی نەتەوەیی گەلی كورددا نا، هەرچەندە تەنیا چوار ساڵ رێككەوتنەكە كاری پێ كرا و دواتر بەغدا وەك پیشەی هەمیشەیی پابەندی رێككەوتن نەبوو، بەڵام لەسەر ئاستی ناو خۆ و دەرەوەیش 11ـی ئازار بووە بەڵگەیەكی مێژوویی لەسەر خەباتی رەوای گەلی كورد لە عێراقدا.
 
ئەو مامۆستایه‌ی زانكۆ باوەڕی وایە: "ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەغدا بە جیددی كار بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كورد دەكات و دەستی بە هەنگاوەكانیشی كردووە، ئەوەی باس دەكرێت لە كێشەی مووچە ئەوە تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە پەیوەستە بە ژیانی هاووڵاتیانەوە، خۆ ئەوەیش گرینگە و مافی هاووڵاتیانە و منەتكردنی ناوێ، بەڵام عێراق دەیەوێ بە دانانی ئابڵووقەی ئابووری و بەعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، پیلانەكەی جێبەجێ بكات.
 
دكتۆر خەلیل دەشڵێ: "بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد ئەزموونی زۆری لەگەڵ دەستەڵاتدارانی عێراقدا هەیە و ئەگەر باس لە قۆناغی دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق بكەین، ئەوە دیارە بەغدا بە ئاشكرا كار بۆ ئەو ئامانجەی ئاماژەم بۆ كرد دەكات، پێشتر بەعەرەبكردن و ئەنفال و كیمیاباران هەبوو، ئەمڕۆ پڕۆژەی بەشیعەكردنیش دەستی پێ كردووە".
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار