٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ 10 نوێنەری هاوپەیمانان و بە هەزاران خەڵك سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد

سەرچاوە: KDP.info

بارزان  -KDP.info-لە 7 ڕۆژی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ بە دەیان هەزار كەس لە چین و توێژەكانی كوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان كردووە، هەر ئەمڕۆ 10 نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژ بە داعش، بە هەزاران كەس لە خەڵكی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و خەڵكی پارێزگاكانی دهۆك و مووسڵ و دەوروبەری هاتوونەتە بارزان و سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد.

لە یەكی ئاداری ساڵی 1979 بارزانی نەمر، سەركردەی مەزنی كورد و كوردستان لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا كۆچی دوای كرد، لە چواری ئادار تەرمی پیرۆزی بارزانی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و دواتر بە هەلیكۆپتەر، تەرمی پیرۆزی گەیاندرایەوە شاری شنۆی كوردستان و لەوێ لە لایەن سەدان هەزار كەس لە پەنابەرانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵات و كوردەكانی باكوور و ڕۆژئاوا پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانی كرا، كە لەو ڕۆژەدا لە سنورەكان پەڕیبوونەوە، تا لە ماڵئاواییكردنی بارزانی نەمردا بەشدار بن، لە ڕۆژی پێنجی ئادار تەرمی بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاك سپێردرا، لە پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەكەمی ساڵی 1992 تەرمی بارزانی نەمر و شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ هێنرانەوە بۆ كوردستان و بە خاكی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاك سپێردران.

شێخ خەلات بارزانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی لەسەر مەزاری نەمران بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "لە ماوەی 7 ڕۆژی ڕابردوودا واتە لە 1ی 3 تا ئەمڕۆ بە دەیان هەزار كەس لە چین و توێژەكانی كوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان كردووە، هەر ئەمڕۆ 10 نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژ بە داعش لەگەڵ فەرماندە سیروان بارزانی و هێزی پێشمەرگە سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد، هەتا بە هەزاران كەس لە خەڵكی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و خەڵكی پارێزگاكانی دهۆك و مووسڵ و دەوروبەری هاتوونەتە بارزان  و سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد."

نوێنەری سەرۆك بارزانی ڕوونیشی كردەوە: "مەبەستی هەموو ئەو خەڵكە بۆ سەر مەزاری نەمران ئەوەیە كە وەك وەفاداریەك بۆ سەركردەیەك كە هەموو ژیانی خۆی بۆ میللەتەكەی خۆی  تەرخان كردووە، كەسێك كە هەموو ژیانی خۆی قوربانی میللەتەكەی بكات، نامرێت و لە دڵی گەلەكەیدا هەر زیندوو دەمێنێت، تاكە بزاوی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان ڕێبازی پارتی و بارزانییە، كە ئەمڕۆش درێژەی هەیە و درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەش سەرۆك بارزانییە، هەموو ئەوانەیشی كە سەردانی مەزاری نەمران دەكەن، باس لەوە دەكەن كە یەكدەست دەبن و لەسەر ڕێبازی بارزانی نەمر بەردەوام دەبن و پشتەوانی سەرۆك بارزانی دەبن تا گەلی كورد بە ئاواتەكانی خۆی دەگات."

نوێنەری سەرۆك بارزانی لەسەر مەزاری نەمران ئاماژەی بەوەش كرد: "ئەو بەرنامەی كە ئێمە لەسەر مەزاری نەمرانمان دانابوو، ئەوەی كە لە تواناماندا بێت كردوومانە، بەتایبەتی دەڤەری بارزان، كە هەموو جارێك پەناگەیەك بووە، هەر ماڵێكی ناوچەكە پەناگەیەك بۆ ئەو خەڵكەی كە سەردانی مەزاری نەمران دەكەن، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی ئەمنییەوە هیچ كێشەیەك نەبووە، دەستخۆشی لە كارمەندانی ئاسایش دەكەم، هەتا لە ڕووی تەندروستییەوە هیچ كێشەیەك نەبووە و ئەوانیش بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ئامادەن".

 

 

 

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار