مامۆستایانی زانكۆ: گەڕانەوە بۆ کارتی ڕیفراندۆم باشترین ڕێگەچارەیە
__2018_03_06_h15m18s6__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەگەر بەغدا لەسەر ئەو سیاسەتەی گرتووەیەتەبەر بەرامبەر بە كورد بەردەوام بێت، ڕیفراندۆم كارتێكی بەهێزە، كە كورد بەرامبەر بە بەغدا بەكاری بهێنێت.
ئێستا دەنگێکی بڵند لە شەقامی کوردستان بەرز بووەتەوە، کە ڕیفراندۆم باشترین بڕیارێک بوو کوردستان ئەنجامی دا و ئێستاش ئەو کارتە بە باشترین ڕێگەچارە دەزانن بۆ ئەوەی لە بەرانبەر بەغدا ئەنجامەکەی بەکار بهێنرێ و گەلی کورد بڕیاری خۆی بدات. لە نێو مامۆستایانی زانکۆشدا کارتی ڕیفراندۆم بە باشترین دەرچە دەزانرێ بۆ سنووردارکردنی بەغدا و تێگەیشتنی کۆمەڵگەی دەولی کە بەڵی کورد لەسەر حەق بوو کە بڕیاری ڕیفراندۆمی دا.
لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم بەغدا بەردەوام باس لەوە دەكات بە پێی دەستوور كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا جگە لە سزادانی هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لە دوا هەنگاویشدا پڕۆژەیاسای بودجەیان بە زۆرینە تێپەراند و پەسەندیان كرد.
د. ئازاد موحسێن، مامۆستای زانكۆ لە سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، بەغدا جگە لە سزادانی هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ چارەكردنی كێشەكان، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر وەكو دۆڕاو و براوەی جەنگ مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، بۆ ئەوەش دەبێت كورد بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق نەكات، چونكە بایكۆتكردنی پڕۆسەی سیاسی باشترە لەوەی بەبێ دەستكەوت بچینەوە بەغدا، لەگەڵ ئەوەی پێویستە هەرێمی كوردستان ناوماڵی خۆی ڕێك بخاتەوە و كار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بكات.
د. ڕزا عەلی، مامۆستایەكی دیكەی زانكۆیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیار كرد، بوونی كورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەرەو پێش دەبات، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی سیاسیی عێراق حسابی ئەوەی كردبێت، ئەگەر كورد بایكۆتی بكات پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكەوێتە مەترسییەكی گەورەوە، هەروەها دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئاگادار بكەنەوە كە ئەو بایكۆتە بە هۆی پێشێڵكارییە دەستوورییەكان و كێشە ئابووریی و سیاسییەكانە، كە حكوومەتی ناوەندی دروستی كردووە و ماددە دەستوورییەكان جێبەجێ ناكات و حساب بۆ كورد ناكات و نایەوێت لەگەڵ كورد ڕێككەوتن بكات.
ئاماژەی بەوەش دا، حكوومەتی ناوەندی بڕوای بە جێبەجێكردنی دەستوور نییە، بەغدا نەك ئامادە نییە ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، بەڵكو ئامادە نییە سەرجەم ئەو بەندانەی پەیوەندییان بە ئازادی و یەكسانیی نێوان پێكهاتەكانەوە هەیە، جێبەجێ بكات. بە مەبەستی كۆكردنەوەی دەنگ، عەبادی دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەر عێراق لەسەر ئەو سیاسەتەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، ئەنجامی ڕیفراندۆم كارتێكی بەهێزە و ئەو كات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان تێ دەگات، كە بۆچی ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە".
ڕابین شێروانی




