پسپۆڕێكی نێودەوڵەتی: هێزە عێراقییەكان تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجام داوە لە ناوچە كوردستانییەكان
__2018_03_05_h15m58s56__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو پێشێلكاری و دەستدرێژیانەن كە هێزە عێراقییەكان لەو ناوچانە ئەنجامی دەدەن، كە دەستیان بەسەردا گرتووە و خەریكی بە دیكیۆمێنتكردنن و دەڵێت، هێزە عێراقییەكان سێ تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجام داوە لە ناوچە كوردستانییەكان.
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هێزە عێراقییەكان بە هاوكاری و ڕێككەوتن لەگەڵ چەند بەرپرسێكی حیزبێكی كورد، توانیان دەست بەسەر كەركووك و چەند ناوچەیەكی تری كوردستاندا بگرن. هەر ئەو ڕۆژەش چاوساغانی هێزە عێراقییەكان بانگەشەی ئارامیی كەركوكییان دەكرد و داوای گەڕانەوەی خەڵكیان دەكرد. بەڵام هەر لە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە سەدان تاوانی مرۆڤایەتی و پێشێلكاری لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە لەوم ناوچانەدا ڕووی داوە.
كرمانج عوسمان، پسپۆڕی نێودەوڵەتی و ڕاوێژكاری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو پێشێلكاری و دەستدرێژیانەین كە هێزە عێراقییەكان لەو ناوچانە ئەنجامی دەدەن، كە دەستیان بەسەردا گرتووە. چەند ڕێكخراوێكیش خەریكی بە دیكیۆمینتكردنی ئەو پێشێلكاری و تاوانانەی هێزەكانی سەر بە عێراقن. چونكە دەكرێت هەر بەو دیكیۆمێنت و بەڵگانە سكاڵا لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بكەین، بۆ نموونە، حەیدەر عەبادی، كە سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عێراقە و هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانییە، دەكری لە داهاتوودا لە دادگای نێودەوڵەتی سكاڵا لە دژی تۆمار بكرێت، یان بەرپرسانی تری سەربازی و بكەرانی تاوانەكان."
ئەو پسپۆڕە نێودەوڵەتییە ڕوونیشی كردەوە: "هێزە عێراقییەكان سێ تاوانی نێودەوڵەتییان ئەنجام داوە لە ناوچە كوردستانییەكان:
یەكەم: ئەنجامدانی جینۆساید لە كەركووك و دوزخورماتوو.
دووەم: تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، كە چەندین مرۆڤ بە شێوەی دڕندانە و نامرۆڤانە كوژراون.
سێیەم: ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.
جیا لەمانەش، چەندین ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی و بریاری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە ئەنجام دراوە. بۆ نموونە، پاراستنی خەڵكی ڕەسەنی ناوچە كوردستانییەكان كە بەداخەوە زۆرینەیان ئاوارە بوونە و ناهێڵن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان. بە گوێرەی یاسای نەتەوە یەكگرتووەكان خەڵكانی ڕەسەن دەبێ لە ناوچەكانی خۆیان بپارێزرێن."
كرمانج عوسمان ئاماژەیشی دا: "لەسەر هەرسێ ئاستی ئەنجومەنی وەزیران و، پەرلەمان و، ئەنجومەنی دادوەری هەوڵ دەدرێ كە ئەم تاوانانە بە نێودەوڵەتی بكرێن. لە لایەكی تریشەوە ڕێكخراوە مەدەنییەكان خەریكی كۆكردنەوەی بەڵگە و دیكیۆمێنتی تاوانەكانن. دەكرێ لە داهاتوودا بەم بەڵگانە قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكرێتەوە و بكەران و تاوانباران دادگایی بكرێن و پاراستنێكی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بكرێت."
سەرباز واحد




