٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕیفراندۆم نەشکرابا، ٥١%ـی خاكی "براکوردەکان"ـیان داگیر دەکرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی زەحمەتكیشانی كوردستان دەڵێ، لە هەموو سەردەمەكاندا هەر حكوومەتێك لە عێراقدا باڵادەست بووبێت، دژی مافەكانی گەلی كورد وەستاوە، جا بە هەر شێوازێك بێت، بۆیە كورد بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا و، هەر بەم بیانووەیش گەمارۆی خستە سەر كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان داگیر كران.

لە 25ـی ئەیلوولی پار، خەڵكی كوردستان بە ئاشكرا و بە گوڕوتینێكی گەرمەوە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجام دا و، دەنگی خۆیان هەڵبڕی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام عێراق و وڵاتە دراوسێیەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ دەنگهەڵبڕینی خەڵكی كوردستان نەبوون بۆ مافێكی ڕەوای خۆیان.
ئەندامی سەركردایەتیی حزبی زەحمەتكیشانی كوردستان، سەعد خالید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕیفراندۆم بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، مافێكی ڕەوای هەر میللەتێكە كە بڕیار  لە چارەنووسی خۆی بدات".
خالید باوەڕی وایە، گەلی كوردستان، لە دوای بێئومێدبوون لە عێراق، بڕیارێكی داوە و دەشڵێت، دوای ئەوەی كورد بێهیوا بوو لەوەی دەستووری عێراق جێبەجێ ناكرێت و كورد و پێكهاتەكانی تریش پشتگوێ خران لە لایەن عێراقەوە و شەراكەتی ڕاستەقینە ڕەنگی نەدایەوە، كورد ناچار بوو داوای مافی خۆی بكات.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی زەحمەتكێشان زیاتر گوتی: "ئەوەی  ئێستا دەرحەق بە گەلی كورد دەكرێـت، شتێكی تازە نییە، كورد بەشێك بوو لە عێراق، ئەوەی كە مافی گەلی كوردستان بوو لە بوودجەی عێراق و بابەتی ماددەی 140ـی دەستوور و بابەتی نەوت و گاز و كۆمەڵێك بابەتی تر، عێراق  نەهات دەستوور بكاتە حەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵانە، لەم دوو سێ ڕۆژەیشدا بینرا بە بێ حیسابكردن بۆ داواكارییەكانی كورد، پەرلەمانی عێراق بوودجەی 2018ـی پەسەند كرد".
لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2018ـدا، پشكی كورد بە ڕێژەی 12.67% دانرا، لە كاتێكدا پێشتر پشكی كورد لە بوودجە 17% بوو، ئەمەیش لە لایەن پەرلەمانتارانی كوردەوە لە عێراق تەواو ڕەت كرایەوە، بەڵام دواجار شیعە دوای ڕازیكردنی سوننەكان، هیچ گوێی بە داواكاری كوردەكان نەدا و بە دەنگی زۆرینە پڕۆژەیاسای بوودجەیان تێپەڕاند و هاتە واری پەسەندكردنەوە.

عێراق لە 16ـی ئۆكتۆبەردا كۆمەڵێك گەمارۆی سیاسی و سەربازیی خستە سەر هەرێمی كوردستان بە بیانووی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، تەنانەت بەرانبەر كوردەكان كە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەرعەبادی بەردەوام  وەك موزایەدەیەك لە گوتارەكانی دەڵێت "برا كوردەكان"، بەڵام شەڕیان كرد و نزیكەی سەدا 51ـی خاكی كوردستانیان داگیر كرد و خەڵكەكەی ئاوارە كران.
پەیوەست بەمە، سەعد خالید گوتی: "ئەو گەمارۆ سەربازی و ئابوورییانەی ئێستا عێراق لەسەر هەرێمی كوردستانی چەسپاندوون، گوایە هۆكارەكە ڕیفراندۆمە، ئەمە تەنیا بیانوویەكە و هیچی تر".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، چەندین جار لە هەرێمی كوردستان و لە ئەورووپایش ڕایگەیاند "كوردستان بە مەرجەكانی عێراق ڕازییە، بە مەرجێك لە چوارچێوەی دەستووری عێراقیدا بن".
ئەو ئەندامەی زەحمەتكێشان دەڵێت: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوودا جارێكی تر ڕازی بوو بەوەی، بەڵێ كورد بەشێكە لە عێراقی نوێ، بەڵام بە جێبەجێكردنی دەستوور، ڕازییش بوو كە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانی ڕادەست بكات، بەڵام عێراق بێت بەپێی دەستوور مامەڵەیان لەگەڵ بكات، بابەتەكە تەواو دیارە كە عێراق نایكات."
لە ساڵی 2014، نووری مالیكی، بە سەرپەرشتیی فەریق روكن ئەمیر ئەلزەیدی، هێزی دیجلەیان هێنا بۆ داگیركردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
خالید دەڵێ: "ئەو سەردەمەی مالیكی سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، بوودجە و مووچەی هەرێمی كودستانی بڕی و هێزی هێزی هێنایە ناوچە ناكۆكیلەسەرە كوردستانییەكان، ئەوكاتە پێویست بوو كورد ڕیفراندۆم بكات، ئەو وەختەی ڕیفراندۆمی تێدا كرا، زۆر درەنگیش بوو، چونكە عێراق تا هەبێت و لە ڕابردوو و ئێستایشدا، هەمیشە بە عەقڵییەتێكی شۆڤێنی مامەڵە دەكات و كورد لە زیان زیاتر هیچی لە عێراق دەست ناكەوێـت، بە هیچ جۆرێكیش بڕوای بە چارەسەری پرسی كورد نییە و بڕوای بەوە نییە كورد هاوبەشی ڕاستەقینەی بێت، هەمیشە هەوڵی لاوازكردنی كورد دەدات و چاوی بەو پێگە بەهێزەی كورد هەڵنایەت كە هەیەتی".
عێراق هیچ ڕێگەیەكی بۆ كورد نەهێشتووەتەوە، وەک زۆربەی لایەنە کوردستانی و سیاسی و چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو كورد ڕێگەچارەی تری نەبوو، بۆیە ئێستایش كورد پێویستە هەڵوێستی بگۆڕێت و بیر لە ڕێگەچارەیەكی تر بكاتەوە بەرانبەر عێراق، كە دەبینێ هیچ مافێكی كوردی بە ڕەوا نازانێ.

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار