٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاكسیۆنی پارتی و یەكێتی، داوای گەڕانەوەی پڕۆژەیاسای خانەنشینی دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی خۆپێشاندانیان بۆ بەردەم پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ئەنجام دا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر پڕۆژەیاسای خانەنشینی، كە حەفتەی رابردوو پەسەند كرا، پارتی و یەكێتیش داوای گەڕاندنەوەی پڕۆژەكە دەكەن.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "هەموو ئەو بۆچوونانەی كە رۆژانی رابردوو خرانە روو، كە بە ئاڕاستەی خەمخۆرییان بۆ وڵات و ئەو خواستانە بوون، كە پێداگرییان لەسەر مافەكانی هاووڵاتیان دەكرد، بە نەزەری ئیعتیبار وەردەگرین و دەیكەینە یادداشتێك و دەیدەینە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان".

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند: "داوا دەكەین ماددەی ٣ كە تایبەتە بە خانەنشینیی پەرلەمانتاران، بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان و گفتوگۆی جیددیتری لەسەر بكرێت، هاوكات بۆچوونی هاووڵاتیانیش بە هەند وەربگیردرێت".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی بە ئامادەبوونی هەندێ لە فڕاكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانی كوردستان، یادداشتەكەی بۆ مێدیاكان خوێندەوە، كە تێیدا هاتووە: "وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكاری و ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتیان، وەك وەڵامدانەوە بۆ نیگەرانییەكانی خەڵك، بە پشتبەستن بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠١٧، كە دەسەڵاتی بە دەرچوواندنی یاسا داوە بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، داوا دەكەین، واژۆ لەسەر ئەو بڕگانە نەكەن كە لای هاووڵاتیان بوونەتە جێی نیگەرانی".

 

هەواڵی پەیوەندیدار