دكتۆر سامان شاڵی: بەغدا دەرفەتی بۆ دانوستان نەهێشتەوە

هەولێر-KDP.info- كەسایەتییەكی ئاكادیمی و سیاسی ڕایدەگەیێنێت، دوێنێ بەغدا هیچ دەرفەتی بۆ دانوستان نەهێشتەوە و دەشڵێ، تا هەڵبژاردنەكانی دابێ عەبادی دەیەوێ دەستیدەستی بە هەرێمی كوردستان بكات و ئامادەی جێبەجێكردنی داواكاریی كورد نییە.
دكتۆر سامان شاڵی، كەسایەتیی ئاكادیمی و سیاسیی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نیەتی بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان زۆر ڕوونە و دەیەوێ تا هەڵبژاردنی داهاتوو دەستیدەستی پێ بكات، لە پەرلەمانی عێراق دوێنێ هەموو شتێك ئاشكرا بوو كە ئەوان هیچ حیسابێك بۆ كورد ناكەن و لای ئەوان گرینگ نییە كورد بەشدار دەبێت لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا یانیش نا، ئەمە لە كاتێكدایە كورد نەتەوەی دووەمی عێراقە، من پێم وایە ئەو كابرایە مەبەستم حەیدەر عەبادییە، تا هەڵبژاردنەكانی ئایاری دابێ هیچ بۆ كورد ناكات، ئەمەریكایش وەك دۆستی هەردوولا نایەوێ گوشار بخاتە سەر حەیدەر عەبادی تا مافەكانی خەڵكی كوردستان بدات، لەبەر ئەوەی ئەمەریكا ترسی لەوە هەیە گوشار بخاتە سەر عەبادی كەسانی توندڕِۆی سەر بە ئێران دەستەڵات بگرنە دەست".
ناكۆكیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەو كاتەوە دەستی پێ كرد، كە دەستەڵاتدارانی بەغدا بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕی و حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق خۆیان لە جێبەجێكردنی دەستوور دزییەوە، لەوەیشدا نیەتی بەغدا ئاشكرا بوو بەوەی كە نیازی نییە كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا چارە بكات.
ئەو كەسایەتییە ئاكادیمییە گوتیشی: "پێشتر دەرفەت مابوو لەگەڵ بەغدا دانوستان بكەین وەك هەرێمی كوردستان، بەڵام كە دوێنێ بوودجە تێپەڕێندرا، هیچ دەرفەتێكی ئەوتۆ نەماوە بۆ دانوستان، نەك نەماوە، بەڵكوو بەغدا دەرفەتی نەهێشتەوە بۆ دانوستان، تەنیا رێگا ئەوەیە نوێنەرانی كورد هەر لە سەرۆككۆمارەوە تا وەزیر و پەرلەمانتارەكان بگەڕێنەوە كوردستان، تا بزانین هەڵوێستی لایەنە عێراقییەكان چی دەبێت، ئایا دەیانەوێ كورد وەك نەتەوەی دووەم بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان".
شاڵی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "زۆرینەی عەرەبی سوننە و شیعە دەیانەوێ پێكهاتەی كورد لە عێراقدا لاواز بكەن و هەرچییەك خۆیان بیانەوێ بە بێ كورد تێیپەڕێنن، بە باوەڕی من مادام دەستەڵاتدارانی بەغدا مووچە و قووتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان بڕی، هەموو شتێكیان بۆ دەچێتە سەر بیكەن، بەڵام پێویستە كورد یەك بن و بەغدا نەتوانێ كەڵك لە پەرتەوازەیی كورد وەربگرێت".
هاوكات دوێنێ شەممه ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی شیعە و سوننە پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراقیان تێپەڕاند، ئەمەیش كاردانەوەی توندی كوردی لێ كەوتووەتەوە.
قائید میرۆ




