سەردانی چین و توێژەكانی كوردستان بۆ سەر مەزاری نەمران بەردەوامە
بارزان-KDP.info- سەردانی چین و توێژەكانی كوردستان بۆ سەرمەزاری نەمران بەردەوامە، هەموو ساڵێك خەمیادی كۆچی دواییی بارزانی نەمر، ڕێبەڕی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد، لە لایەن هاووڵاتیانی كوردستانەوە بەڕێوە دەچێت.
لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا جەماوەرێكی زۆر لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان و هەتا پارچەكانی دیكە ڕوویان لە مەزاری نەمران لە بارزان كرد.
لە یەكی ئاداری ساڵی 1979دا مستەفا بارزانی نەمر، باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد كۆچی دوایی كرد .
هاووڵاتیان بۆ نوێكردنەوەی سۆز و پەیمانی خۆیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزان و بارزانی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی مەزاری نەمرانییان كرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری نەمران دانا و سەردانی هاووڵاتیانیش بەردەوامە.
ئەنەس قادر، مامۆستای ئایینی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "هەموو ساڵێك لەو یادەدا سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەكەین، بەڵێن و سۆزی خۆمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، كە ڕێبازی كوردایەتی و برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتی و یەكسانی و دادپەروەرییە دووپات دەكەینەوە، كە هەمیشە قوتابی و درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بین و لە خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سروشتی و ڕەواكانی گەلی كوردستان بەردەوام بین."
د. موسلیح لوقمان، مامۆستای زانكۆی دهۆك، كە لە دهۆكەوە هاتبووە سەر مەزاری نەمران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "بارزانی نەمر، كەسێك بوو كە هەموو ژیانی خۆی تەرخان كردبوو بۆ ئازادیی كوردستان، بارزانی جیاوازیی لە نێوان پێكهاتەكاندا نەدەكرد، نەیدەگوت ئەوە كوردە، یان ئێزدییە، یان مەسیحییە، بە یەك چاو سەیری هەموومانی دەكرد، لەگەڵ ئەوەی كەسێكی مەرد و بەڕەحم بوو، ئەمڕۆش بۆ ئەوە هاتووین کە سۆز و پەیمان بۆ ئەو ڕێبازە نوێ بكەینەوە و تا ماوین لەسەر ڕێبازی ئەو بەردەوام بین."
فەیسەل زكری، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بارزانی نەمر، كەسێكی خاوەن ئیرادە و بەهێز بوو، ڕێبازی بارزانی، ڕێبازی كوردایەتییە و دەبێ لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بین، ساڵانە چەندین جار بەوپەڕی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستییەوە ڕوو لە مەزاری نەمران لە بارزان دەكەم."
__2018_03_03_h17m45s46__ER.jpg)
شایانی باسە، لە 28ی مانگی ڕابردوودا خەڵكێكی زۆر لە هەرچوار پارچەی كوردستانەوە ڕوویان لە مەزاری نەمران لە بارزان كردووە.
ڕابین شێروانی




