فڕاكسیۆنی پارتی: بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە، چونكە ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە و، ئەوەی بە نایاسایی مووچە و دەرماڵەی وەرگرتووە، لێی دەبڕێت.
محەممەد عەلی یاسین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەی چاكسازی لە حكوومەتەوە بۆ ئێمە هاتووە و، ئێمەیش وەكوو پەرلەمان بەپێی داهاتی حكوومەت پڕۆژەكەمان پەسەند كردووە و چاكسازیی ریشەیی كراوە لەو كەسانەی كە موستەحەق نەبوونە و پارەیان وەرگرتووە، بۆ نموونە راوێژكرەكانی پەرلەمانی كوردستان 53كەسن كە مووچەیان وەك بریكاری وەزیرە، ئێمە دەرماڵەی ئەوانمان بڕیوە و كۆمەڵێك كەس لە رێكخرخوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون، ئەوانیش مووچەكەیان دەبڕدرێت، ئەمانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەسەر پڕۆژەیاساكە كە بە شێوەیەكی نایاسایی سوودمەند بوونە لە مووچەی خانەنشینی" .
یاسین گوتیشی: "ئێمە مووچەی ئەوانەمان زیاد كردووە كە شایەنن، لەوانە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها مووچەی خانەنشینییش لە 300 هەزار كەمتر نابێت، بۆیە شانازیی زۆری تێدایە، چونكە حكوومەتمان ناچار كردووە 28 ڕۆژ جارێك مووچە بدات و پاشەكەوتی مووچەیش بداتەوە فەرمانبەران ."
گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتیڕوونیشی كردەوە: "ئێمە بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە، توانیمان ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنینەوە و مووچەی ئەوانەیش ببڕین كە بە نایاسایی خانەنیشین كراون، كە ئەمەیش هەنگاوێكی زۆر گرینگە. جگە لەوەیش دەرماڵەی مەترسی بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەكرێت كە بە فیعلی مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت لە كارەكەیاندا، نەك كەسێك لە كاركردندا بێت و مەترسی لەسەر ژیانی بێت و كەسێكی دیكە لە فەرمانگە دانیشتبێت وەكوو یەك ئەو دەرماڵەیە وەربگرن، بۆ نموونە دەرماڵەی مەترسی بەو كەسە دەدرێت كە لەسەر ستوونی كارەبایە نەك كەسێك هیچ كارێك ناكات".
ئەو هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئێمە وەكوو فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لەو پڕۆژەیاسایە دەكەین، چونكە بە دەستكەوتێكی زۆر گرینگی دەزانین".
پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بواری مووچە و خانەنشینییەوە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە ئامادە كرابوو، كە لە 23 ماددە پێك هاتبوو و رەوانەی پەرلەمان كرابوو، دوێنێیش پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ ئەو پڕۆژەیاسایەی پەسەند كرد و، پێویستە ئەو پڕۆژەیاسایەیش لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێ بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




