٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایەكی زانكۆ: خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر نەبووایە جیهان لەسەر كورد دەهاتە جواب

سەرچاوە: KDP.info

 

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێ، بەغدا ریفراندۆمی كردە بیانوو بۆ ئەوەی پەلاماری هەرێمی كوردستان بدات ده‌شڵێ، ئەگەر خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر نەبووایە، هەرگیز هێزە عێراقییەكان نەیاندەتوانی بێنە كەركووك و، دنیایش لەسەر كورد دەهاتە وەڵام.

زۆر جار لە مێدیاكاندا باس لەوە دەكرێت كە، بەغدا بە هۆی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمەوە هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەرپا كردووە و، توانیویەتی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە كۆنترۆڵ بكات، كە دواتریش بە هۆی خیانەتی گرووپێكی نێو لایەنێكی سیاسییەوە هێزە عێراقییەكان توانییان بێنە كەركووك و دەوروبەری و، زیانی زۆریان بە خەڵكی ئەو ناوچانە گەیاند.

لەو بارەیەوە، مامۆستای مێژوو لە زانكۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی، كەیوان ئازاد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "من خۆم ئەزموونێكی 25ساڵیم لە بواری مێژوودا هەیە كە وەكوو مامۆستا كارم كردووە، دەستەڵاتدارانی عێراق بەپێی مێژوو هیچ كاتێك ددانیان بە مافی كورددا نەناوە و هەركاتێك لاواز بن، كورد بە پشتیوان و برای خۆیان دەزانن و كاتێكیش دەستەڵاتیان دەبێت، پەشیمان دەبنەوە، بۆیە مێژووی عێراق لە سۆمەرییەكانەوە تا ئێستا ملیۆنەها ئەزموونی تێدایە و، دەستەڵاتدارەكانی عێراق یەك لە دوای یەك وەكوو یەكدی بوونە، بۆیە ئەوەی ئێستا عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات، كاردانەوەی ریفراندۆم نییە" .

ئازاد گوتیشی: "سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆی وەكوو براوەی شەڕ دەبینی، ئەوەیش وای كرد شەڕی كوردیش بكات و مافەكانیشی پێشێل دەكات، ئەوەی كە لە مێدیایش نەرمی دەنوێنێت، لەبەر خاتری كورد نییە، بەڵكوو بە هۆی گوشاری نێودەوڵەتییە و، ئەگەر ئەوە نەبێت نەك قسەی نەرم ناكات، بگرە بە ئاگر و ئاسن پەلاماری كورد دەدات".

لەبارەی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەریشەوە لەلایەن گرووپێكی نێو لایەنێكی سیاسی لە كەركووك، ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتی: "توركیا مانگێك زیاترە هێرشی سەر عەفرین دەكات كە، دانیشتووانەكەی 80ملیۆن كەسە و خاكەكەی سێ جار هێندەی عێراقە و ئەندامی ناتۆیە، كەچی نەیتوانیوە بچێتە ناو عەفرینەوە، لەبەر ئەوەی كورد بەرگری دەكات، بۆیە لە كەركووك ئەگەر خیانەت نەبووایە و بەرگرییان كردبووایە، دەمانتوانی دنیا بە وەڵام بێنین و هیچ كات جورئەتی ئەوەیان نەدەكرد هێرشی سەر كەركووك بكەن، چونكە بینیمان لە پردێ پێشمەرگە چۆن هێزە عێراقییەكانی شكاند، كە ئەمە نموونەیەكی زۆر زیندووە، بۆیە گەر بەرگری كرابا، ئێستا وا بەرانبەر عێراق لاواز نەدەبووین".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار