٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

موسەننا ئەمین: عەبادی راستگۆ نییە... ئەمڕۆ شاندێكی هەرێم سەردانی نەجەف دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، سەرۆكوەزیرانی عێراق راستگۆ نییە لە چارەكردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا و دەشڵێ، ئەمڕۆ شاندێكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم سەردانی نەجەف دەكەن و، رەنگە لەگەڵ مەرجعییەتی شیعەكانیشدا كۆ ببنەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق د. موسەننا ئەمین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیكات، بەشێكە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی و، راستگۆ نییە لە چارەكردنی كێشەكان و، موعاناتی خەڵكیش بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی بەكار دێنێت، بۆیە لەوانەیە دەستیدەستی بكات تا دوای هەڵبژاردنەكان و، نەشدەبوو خەڵك متمانە بەو سەرۆكوەزیرانە بكات، لەبەر ئەوەی راستگۆ نییە لەگەڵ خەڵكیدا، ئەمەیش مانای ئەوە نییە هیچ رێككەوتنێك نەكرێت و رەنگە لە داهاتوودا رێككەوتن بكرێت، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكردوون، بۆیە ئەمە لەسەر گوشاری دەرەكی دەوەستێت كە تا چەند كاریگەری لەسەری دەبێت".

ئەمین گوتیشی: "گومان لەوەدا نییە حكوومەتی عێراق ریفراندۆمی وەكو بیانوو بەكار هێنا دژی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێمی كوردستان دەوڵەتی رانەگەیاندووە تاوەكوو لەشكركێشیی بكاتە سەر، ئێستایش بە تەواوی دەركەوت كە ریفراندۆم كراوەتە بیانوو بۆ هەندێك سیاسەتی خۆی كە دەمێك بوو دەیویست ئەو كارانە بكات."

لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "تاوەكوو ئێستا داواكاریی ئێمە جێبەجێ نەكراوە، هەر رێككەوتنێكیش بكرێت، پێویستە سەرۆكوەزیران رازی بێت، چونكە ئەگەر لە پەرلەمانیش بكرێت، هیچ سوودێكی نییە".

سەبارەت بە سەردانی شاندێكی لایەنە كوردییەكان بۆ نەجەف، دكتۆر موسەننا كە خۆی ئەندامی شاندەكەیە، ئاماژەی دا: "ئەمڕۆ شاندێكی هەرێمی كوردستان كە نوێنەری هەر پێنج لایەنی سەرەكیی هەرێمی كوردستانی تێدایە، سەردانی نەجەف دەكەن و لەگەڵ هەندێك سەركردەی سیاسی دانیشتن ئەنجام دەدەن، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە دەكرێت بە شێوەیەكی گشتی و، رەنگە چاویان بە مەرجەعییەتی شیعەكانیش بكەوێت".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار