٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت و پەرلەمان پەسندکردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی بە دەستکەوتی گەورە ناو دەبەن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پەسندكردنی پڕِۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكان بە هەنگاو و دەستكەوتێكی گەورە وەسف دەکات.

دوێنێ سێشەممە، دوای پەسندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكان، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و شاندی حكوومەتی هەرێم، كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
لە سەرەتای كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەكە دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی: "پەسندكردنی پڕِۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان بە كۆی دەنگ، هەنگاو و دەستكەوتێكی گەورەیە و پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم."

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی، "پڕِۆژەكە مڵكی پەرلەمان و حكوومەت بوو و لە ماوەی رابردوو كاری زۆری لەسەر كرابوو، لەم پڕِۆژەیاسایەدا رەچاوی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كراوە و لە چەندین دانیشتنی پەرلەمان ماددە و بڕگەكانی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان، گفتوگۆی وردیان لەسەر كراوە."

هاوکات رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، باسی لە گرینگیی پڕۆژەیاساكە كرد و سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد كە هەوڵی جیددییان لە داڕشتنەوەی پڕۆژەیاساكە و دەوڵەمەندكردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان.
وەزیری دارایی و ئابووری روونیشی كردەوە، لە پڕۆژەیاساكەدا دەستكاریی مووچەی ئەو كەسانە كراوە كە بە پلەی باڵا خانەنشین كراون لە كاتێكدا لەو پۆستانە نەبوون و، لە بەرامبەردا مووچەی ئەو خانەنشینانە زیاد كراوە بۆ 300 هەزار دینار كە شایستەن؛ بۆیە دەكرێت بڵێم ئەمە دەستكەوتێكی گرینگە بۆ مووچەخۆران و تایبەتمەندی دراوە بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون.
لە بەشێكی تری كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەكەدا، بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی دا، كە ئەم پڕۆژەیاسایە یەكێكە لە شاكارەكانی چاكسازی كە لە ماوەی رابردوو كابینەكانی حكوومەتی هەرێم كەموكوڕییان هەبووە و بەم پڕۆژەیاسایە چارە كراون.
سكرتێری پەرلەمان ئاماژەیشی دا، كە ئەم یاسایە لە بەرژەوەندیی خەڵكە و رەچاوی ئاستی سەرجەم توێژەكان كراوە و "هیوادارم لەو ماوەیەی ئەم خولەی پەرلەماندا چەندین پڕۆژەیاسای گرینگ كە پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراون پەسند بكرێن."

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە ئومید خۆشناو سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی پێدان، به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه‌ بڕى 150 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات حكوومه‌ت بتوانێت هه‌موو مانگێك جارێك به‌ رێكوپێكى مووچه‌ى پاشه‌كه‌وت كراو بدات.



پاشان هەریەك لە سەرۆكی دەستەی دەسپاكی و هەدروو سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان و لیژنەی دەستپاكی، بە بایەخەوە باسیان لە پڕۆژەیاساكە كرد و هەموو ئەو دەنگۆیانەیان رەت كردنەوە، كە لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایە كراون.
 

هەواڵی پەیوەندیدار