٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەركووكییەكان: ژیانمان پارێزراو نییە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- هاووڵاتیانی پارێزگای كەركووك، ئاماژە بە ڕەوشی ناهەمواری ئێستای شارەكە دەدەن لە ڕووی ئەمنییەوە و دەڵێن، لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین و ئاساییشیان پارێزراو نییە. بەرپرسێكی كوردیش ڕایدەگەیەنێ، داعش بووەتە مەترسیی جیددی بۆ سەر كەركووك.

 

‌هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی، لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بە هاوكاریی گرووپێكی ناو حزبێكی كوردی، توانییان كەركووك داگیر بكەن، بەڵام لەو ڕۆژەوە ڕەوشی ئەمنیی شارەكە تێك چووە و، كوشتن و تاڵانكردن و ڕفاندن دەستی پێ كردووە، ئەو هێزانەیش نەیانتوانیوە گیانی هاووڵاتیانی پارێزگاكە بپارێزن.

تەحسن محەممەد، كە هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی كەركووكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ڕەوشی ئەمنیی كەركووك زۆر خراپە و ڕۆژانە و شەوانە كوشتن و تاڵانكردن و هەڵكوتانەسەر ماڵی هاووڵاتیان زۆر بووە، كە هیچ كات دڵنیا نین لە ژیانی خۆمان و سەر و ماڵمان پارێزراو نییە".

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، تەقینەوە لە پارێزگای كەركووك ڕووی دا و، بە گوێرەی زانیارییەكانیش، داعش بووەتە مەترسی بۆ سەر كەركووك و، هێزە ئەمنییە عێراقییەكانیش ناتوانن ئاساییشی شارەكە بپارێزن، وەك محەممەدیش گوتی: "تەنانەت لەبەر زیادبوونی تەقینەوە لە ناو بازاڕەكانی شاری كەركووك، هاووڵاتیان بە هۆی دڵنیانەبوون لە ڕەوشی ئەمنی، ناوێرن بڕۆنە بازاڕ و پێداویستیی ڕۆژانەیان دابین بكەن."

پێوەست بە هەمان پرس، تەوەر نەوزاد كەریم، كە ئەویش هاووڵاتییەكی دانیشتوی كەركووكە، ئاماژەی دا: "ئێستا ڕەوشی ئەمنیی شارەكەمان و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری، زۆر خراپ بووە، كە هەمیشە ترسمان لە ژیانی خۆمان و خێزانەكانمان هەیە."

كەریم گوتیشی: "داوا لە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەكەین پێشمەرگە بگەڕێننەوە بۆ ناو كەركووك و دەوروبەری، چونكە ئەو هێزانەی ئێستا خۆیان سەپاندووە، ناتوانن ئەمنییەتمان بپارێزن."

لە چەند ناوچەیەكی كەركووكدا، هێزە عێراقییەكان كشاونەتەوە و مەترسیی داعش لەسەر پارێزگای كەركووك زۆر زیادی كردووە، محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ڕەوشی ئەمنیی كەركووك لەوپەڕی خراپیدایە و ڕۆژانەیش خراپتر دەبێت. ئێستا تەقینەوە و كوشتن و ڕاووڕووت لە شارەكەدا زۆر زیادی كردووە و، ئەو هێزانەی لە شارەكەیشن، ناتوانن ئەمنییەتی هاووڵاتیان بپارێزن، یان نایانەوێت بیپارێزن."

كەمال هێما بۆ ئەوەیش دەكات: "داعش لە كەركووك لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە تەسفییە نەكرا كاتێك 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو هێزە عێراقییەكان بۆ داگیركردنی كەركووك لە مووسڵەوە جووڵێندران، بە جاددەی قیڕدا هاتن و، هاوكارییش كران تا دەستیان بەسەر كەركووكدا گرت، ئەمە لە كاتێكدا كە داعشیش لە دەوروپشتی كەركووك ماون و وەك خۆیانن."

ئەو بەرپرسەی كورد لە كەركووك دەشڵێ: "داعش مەترسییە بۆ سەر كەركووك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، هێزە عێراقییەكانیش نەیانتوانیوە ئەو مەترسییە بڕەوێننەوە، بۆیە ئەو سەنگەرە توند و ئیرادە بەهێزەی لە لایەن پێشمەرگەوە هەبوو بۆ پاراستنی كەركووك، ئەوە لە لایەن هێزە ئەمنییە داگیركارەكانی ئێستای عێراقەوە نییە."

هێڤیار هەڵەبجەیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار