٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆتایی ئەم حەفتەیە، هەردوو رێگای كەركووك و مەخموور دەكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ، بڕیارە لە كۆتایی ئەم حەفتەیەدا لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، هەردوو رێگای كەركووك و مەخموور بۆ هەولێر بكرێنەوە و، لە ئێستایشدا ئامادەكاری بۆ كردنەوەی رێگاكان دەكرێت.

لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا، پێشنیازی ئەوە كرا كە لەسەر داواكاریی خەڵكی ئەو ناوچانە، رێگاكانی مەخموور و كەركووك بۆ هەولێر بكرێنەوە، كە لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە داخرابوون، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ خەڵكی بكرێت بۆ هاتوچۆكردن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو بارەیەوە رەزامەندی دەربڕیوە.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای پێشنیازەكەی ئێمە لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، حكوومەتی هەرێم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاری كردنەوەی هەردوو رێگاكانی مەخموور و كەركووك بۆ هەولێر دراوە، لە ئێستایشدا ئامادەكاری دەكرێت و رێگاكان خاوێن دەكرێنەوە و بازگەیان بۆ دادەنرێت، كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم حەفتەیەدا بە فەرمی رێگاكان بكرێنەوە و هاتوچۆ لەو رێگایانە وەكوو پێشوو ئاسایی ببێتەوە".

رەشید گوتیشی، "دوێنێ نووسراوێكی فەرمییشمان بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق ناردووە و تێیدا داوامان كردووە كە ئەوانیش بە هەمان شێوە رێگاكان بكەنەوە، هەر لە نامەكەدا داوای كردنەوەی فڕگەكانیشمان كردووە، بۆیە چاوەڕێ دەكەین وەڵامی ئەرێنییان بۆ نووسراوەكەی ئێمە هەبێت".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار