یەپەگە دهڵێ، توركیا پابەند نهبێ به ئاگربهستهوه، مافی بهگرییان ههیه

ههولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەکنەکانی پاراستی گەل(یەپەگە) دەڵێت، ئەوان بە هەموو شێوەیەک پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دهبن، بەڵام بڕوایان وایه كه تورکیا پێوهی پابەند نابێت.
شەوی شەممە 24/2/2018، ئەنجوومەنی ئاسایش پرۆژەی درێژکردنەوەی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ لە سووریا، بۆ ماوەی یەک مانگ پەسەند کرد، بە مەبەستی رێخۆشکردن بۆ تیمە مرۆییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە لێقەوماوانی شەڕ لەو وڵاتە.
لەوبارەوە نووری مەحموود لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''ئێمە ئەمرۆیش لە بەیاننامەکەی فەرمیی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگەدا رامانگەیاندووە، ئێمە بە هەموو شیوەیەک پابەندین به رێنماییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵهتییهوه، بەڵام بڕوامان بە تورکیا نییە.''
بهڵام ههرچیی بەکر بۆزداغ، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیایه رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارەی شەوی رابردوو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا درا، شەڕی عەفرین ناگرێتەوە و بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر هێرشەکانی توركیا بۆ سەر عەفرین نابێت.
هەر لەو چوارچێوهیهدا گوتەبێژی یەپەگە گوتی: ''ئێمە لە هەموو بەیاننامەکانی خۆمان ڕوونمان كردووهتهوه كه پابەندی بڕیارهكه دەبین، بەڵام ئەگەر هەر لانەێێک هێرش بكاته سهر عەفرین، ئەوا مافی خۆمانە بەرگری بکەین.''
نووری مەحموود جهخت دهكاتهوه لهوهی كه تورکیا جیهانی ''هەڵخەڵهتاندووە'' و دەشڵێت ''ئێمە سنوورەکەمان لە داعش پاک دەکەینهوه، با کۆمەڵگایی نێودەوڵەتییش بێن و ببینن كه جگە لە زیندانەکان، له سنووری عەفرین هیچ تیرۆریستێک نییە، ههڵبهته ئهوهی وتركیا دهیهوێ و دهیكا تەنیا بیانووه و ئامانجیان لە نێوبردنی گەلی کوردە له ڕۆژئاوای كوردستان.''
لە ٢٠-١-٢٠١٨ سوپای تورکیا و هێزە چهكداره سووریاییهکانی سەر بەو سوپایە، هێرشیان كرده سهر عەفرین و وەک بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا دەڵێن، ئامانجیان پاكکردنهوهی سنوورەکەیانە لە تیرۆریستان.
کـــاروان بـــاعەدری




