٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولحەکیم خەسرۆ: ڕژێمی سووریا دەسەڵات لە پەیەدە وەردەگرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ پیلانێکی مەترسیدار بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات و پێی وایە، مەبەست لە چوونی ھێزی سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد بۆ عەفرین ئەوەیە کە دەسەڵات لە کورد وەربگرنەوە و دەشڵێ، لە ئایندەدا ھێزەکان لە ھەموو ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوەیان پێ دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ھێزێکی میللیی سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد گەیشتنە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان و بە گەیشتنی ھێزەکەی ڕژێم کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە، لەم بارەیەوە دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پیلانێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، بەتایبەتی لە ناوچەی عەفرین، چوونی ھەر ھێزێکی سەربازی بۆ عەفرین لە ژێر ھەر ناوێکدا بێت گرنگ ئەوەیە دەسەڵات لە کورد وەردەگیرێتەوە، من پێم وایە دەسەڵاتی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەسەڵاتێکی تەندروست نەبووە، چونکە دەسەڵاتی پەیەدە دەسەڵاتێکی توتالیتاریە و ڕێگەی نەداوە ھیچ ھێزێکی دیکەی کوردیش بەشداری لە دەسەڵاتدا بکات، لەبەر ئەوە تورکیا پیلانێکی سەرتاسەری ھەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نەک تەنیا عەفرین." نزیکەی چل ڕۆژ بەر لە ئێستا تورکیا ئۆپەڕاسیۆنی چلە زەیتوونی بۆ سەر شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کرد و، دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ئاگربەستی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ لە سووریا ڕاگەیاند.

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان دەڵێ: "پێشبینی دەکرێت ئۆپەڕاسیۆنی تورکیا بە گشتی باکووری سووریا لەخۆ بگرێت، کە ھەمووی ڕۆژئاوای کوردستانی تێدایە، ئەمەی ڕووی دا کە ھێزی میللیی سەر بە ڕژێمی سووریا چووە نێو عەفرین بەشێکە لە جێبەجێکردنی پیلانەکە و وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە کورد." دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تورکیا و ئێران پێشتر چەندین ڕێککەوتن و سەردان لە نێوانیاندا ھەبووە، ڕێککەوتنی ھەردوو وڵات ڕێککەوتنی ھەمیشەیی بوونە و سەرتاسەری سووریا لەخۆ دەگرێت، بەتایبەتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد، ئامانج لە چوونی ھێزی میللیی ڕژێمی سووریا وەرگرتنەوەی دەسەڵاتە لە پەیەدە، ئینجا گرنگ ئەوە نییە چ ھێزێک چووەتە عەفرین، لە ئایندەدا ھێزی سووریا لە ھەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا بڵاو دەبێتەوە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار