فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، هەڵوێستیان توندتر دهبێت دژی تێپەڕاندنی بوودجە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی داراییی له ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان، هەموو هەوڵێك دەدەین بوودجەی ئەمساڵ بەو شێوەیەی هەیە تێنەپەڕێندرێت و گوتی، "لەم حەفتەیەیشدا هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیێنین".
بڕیارە رۆژی چوارشەممە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێ بكەنەوە و بوودجەی ئەمساڵی عێراقیش كە ماوەی نزیكەی 3 مانگە پەسەندكردنی دوا كەوتووە، بە هۆی ئەوەوەیە كە پشكی هەرێمی كوردستان كەم كراوەتەوە و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانیش ئامادە نین دەنگ بە پڕۆژەیاساكە بدەن، بەڵام لەدوای بایكۆتكردنی دانیشتنەكان، بڕیارە ڕێوشوێنی دیكە بگرنە بەر.
سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی داراییی له ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "بڕیارە ئەم چوارشەممەیە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای تەواوبوونی پشوو بەردەوامییان هەبێت، لەبارەی بوودجەیشەوە تاوەكو ئێستا داواكارییەكانی كورد جێبەجێ نەكراون، بۆیە ئەگەر بوودجەی ئەمساڵ بەو شێوەیەی هەیە تێنەپەڕێندرێت، زۆر سوودی بۆ كورد تێدایە، چونكە بە پەسەندنەكردنی بوودجە، بۆ خەرجكردن دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2017 كە پشكی هەرێمی كوردستان زۆر زیاترە لە 2018، بۆیە وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان هەموو هەوڵێك دەدەین بوودجەی ئەمساڵ بەو شێوەی هەیە تێنەپەڕێندرێت و، تا لهتواناماندا بێت رێگر دەبین بۆ ئەوەی داخوازییەكانمان لە بوودجەدا جێگیر بكرێن".
سلێڤانەیی گوتیشی، رێككەوتنی ژێربەژێر لە نێوان سوننە و شیعەكاندا هەیە و، هەندێك لە داخوازییەكانیان جێبەجێ كردوون و خۆیان كردووەتە یەك و هەوڵ دەدەن بوودجە تێپەڕێنن .
لەگەڵ ئەوەی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان پێشتر دوو كۆبوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی ئەنجام دا لەبارەی بوودجە و پشكی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام وەك ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، "لەو باوەڕەدام عەبادی داخوازییەكانی ئێمە جێبەجێ ناكات، بۆیە رۆژی سێشەممە وەكوو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان كۆ دەبینەوە و، ئەگەر بینیمان هیچ هەڵوێستێك بەرانبەر داخوازییەكانی كورد نەبوو، لەوانەیە مان بگرین لەنێو هۆڵی پەرلەمان و، بگرە لەوانەیە هەڵوێستمان زیاتر و توندتر بێت دژی تێپەڕاندنی بوودجە".
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پێشتر ڕایگەیاند كە بوودجە ناخاتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمانەوە، تاوەكو رێككەوتن لە بارەیەوە دەكرێت لە نێوان فڕاكسیۆنەكاندا، بەڵام سەرحان ئەحمەد دەڵێ، "سەرۆكی پەرلەمان زۆر جار گوتوویەتی نایخەمە كارنامەی دانیشتنەكانەوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا خستوویەتییە بەرنامەی كارەوە، بۆیە ئەو قسەیە ڕاست نییە".
نەشوان بەرزنجی




