شاندێكی ئەنەكەسە سەردانی ئەمەریكا و ئەورووپا دەكەن

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە ڕایدەگەیێنێ، شاندێكی ئەنەكەسە بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی كوردان لە رۆژئاوای كوردستان و ڕاگرتنی شەڕ لە عەفرین، سەردانی ئەمەریكا و ئەورووپا دەكەن.
كامیران حاجۆ، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە، لەبارەی سەردانەكەیانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیارە شاندێكی ئەنەكەسە سەردانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكەین و رۆژی 28ـی ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا كۆ ببینەوە و، دواتر چاومان بە بەرپرسانی كۆشكی سپی دەكەوێت."
حاجۆ هەروەها گوتیشی، "ئامانجمان لە سەردانەكەمان بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، گەیاندنی دەنگی كوردە لە رۆژئاوای كوردستان و، بە تایبەت لە شاری عەفرین شەڕ ڕاوەستێت و چیتر زیان بە گەلی ئێمە نەگەیێنن، هەروەها پڕۆژەیەكی ئەمەریكی هەیە بۆ رۆژهەڵاتی فورات، لەسەر ئەو پڕۆژەیەیش دەمانەوێت بزانین چۆنە و ئێمەیش بۆچوونی خۆمان هەیە و دەمانەوێت بیگەیێنین بە ئەمەریكا لەو سەردانەماندا".
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە ڕوونیشی كردەوە، "لە دوای ئەوەی ماوەی سێ رۆژ لە ئەمەریكا دەمێنینەوە، دواتر سەردانی چەند وڵاتێكی ئەورووپایش دەكەین كە خۆی دەبینێتەوە لە هەریەك لە وڵاتانی فەڕەنسا، بەریتانیا و فینلەندا كە ئەویش بۆ گەیاندنی دەنگی كوردانە لە رۆژئاوای كوردستان".
ئەو دەشڵێت، "سەردانەكانمان بەردەوامی دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دەرەوەدا بەردەوام بن و دەنگی میللەتی كورد بگەیێًنین، هەروەها زانیاری وەربگرین كە شتی نوێ چی هەیە بۆ چارەكردنی ڕەوشی سووریا بە گشتی و بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوای كوردستان".
جێگای باسه كە ماوەی زیاتر لە مانگێكە، زرێپۆش و تۆپخانەكانی سوپای توركیا سنووری شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان بۆردوومان دەكەن و تا ئێستایش بەردەوامن، بەو هۆیەیشەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی و زیانی زۆری ماددییش بەر ناوچەكە كەوتووە.
نەشوان بەرزنجی




