٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمیرە زەنگەنە: براکەمیان لە کەرکووک رفاند

سەرچاوە: KDP.info

 

کەرکووک -KDP.info- برای پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکووک دوای ڕفاندنی لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوە خۆی ڕزگار کرد و پەرلەمانتارەکەش دەڵێ، چەکدارەکان بە دوو ئۆتۆمبێڵ پەلاماری براکەیان داوە.

ئەمیرە زەنگەنە، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "برایەکم بە ناوی  محەمەد، کە لەدایکبوی ساڵی ١٩٦٦ـە، دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاوارەی ھەولێر بووە، ماوەی دوو ڕۆژە بە ھۆی نەخۆشکەوتنی دایکم گەڕاوەتەوە شاری کەرکووک و ئەمڕۆ سەعات ١٢ی نیوەڕۆ بۆ کڕینی چارەسەری پزیشکی چووەتە شەقامی قودس لە شاری کەرکووک، بەڵام لە لایەن دوو ئۆتۆمبێڵی پڕ لە چەکدارەوە ڕفێندرا، بەڵام دواتر توانی خۆی لە دەست چەکدارە نەناسراوەکان ڕزگار بکات."

ماوەی چەند ڕۆژێکە دیاردەی ڕفاندن و کوشتن و ھەلکۆتانەسەر ھاووڵاتیانی کەرکووک ڕووی لە زیادبوون کردووە و چاودێرانیش پێیان وایە ئیدارەی کەرکووک ناتوانێ ئیدارەی شارەکە بکات.

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "چەکدارەکان لە نێو دوو ئۆتۆمبێڵی جۆری پیکاب و کامریدا بوون و سەرەتا داوای ناسنامەیان لە براکەم کردووە، دواتر فڕێیان داوەتە نێو ئۆتۆمبێڵ بۆ ئەوەی بیڕفێنن، بەڵام براکەم توانی خۆی دەرباز بکات، سوپاس بۆ خوا ڕزگاریشی بووە."

ئەمیرە زەنگەنە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "محەمەدی برام ھیچ کێشەی نییە، تەنیا کوردە و برای منە وەک پەرلەمانتاری پارتی، ئێستا لە نەخۆشخانەی کەرکووکە و خەریکی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیە، چونکە چەکدارەکان کە نەناسراو بوونە، بە ئۆتۆمبێڵ بە دوای خۆیاندا کێشاوە و بەو ھۆیەوە زامدار بووە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار