ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، گفتوگۆ لەبارەی كردنەوەی رێگاكانی مەخموور-هەولێر و كەركووك-هەولێر دهكات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوە دەچێت و، گفتوگۆ سەبارەت بە كردنەوەی رێگای نێوان مەخموور - هەولێر و، رێگای نێوان كەركووك- هەولێر دەكرێت.
سەوری عیسمەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (59)ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند، "بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی ئەمڕۆ، تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەسەر چەند تەوەرێك، لەوانە پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكرێت كە هەردوو رێگای هەولێر بۆ مەخموور و هەولێر بۆ كەركووك، بە ڕووی هاووڵاتیاندا بكرێنەوە".
وەك عیسمەت گوتی، هەر بەپێی كارنامەكە، یادداشتێك لەسەر ژینگەی هەولێر لەلایەن رێباز بێركۆتی و لیژنەی تەندروستی و ژینگە بە ئامادەبوونی لایەنی بەرپرسیار لە حكوومەتی خۆجێیی سەبارەت بە ژینگە دەخوێندرێتەوە و، هەروەها راپۆرتی لیژنەی ناوخۆ سەبارەت بە رێنماییەكانی كافتریاكانی شاری هەولێر دەخرێتە ڕوو.
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنەوە، لە 30 ئەندام پێك دێت.
نەشوان بەرزنجی




