نێچیرڤان بارزانی و زه‌ریف په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و ئێران دووپات ده‌كه‌نه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- له دیداری نێوان نێجیرڤان بارزانی و محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریفدا، ڕه‌وشی ئێستا و دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خرانه به‌ر باس و، له‌مباره‌یه‌وه چاره‌كردنی پرسه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دووپات كرایه‌وه.
له په‌راوێزی سێیه‌م و دواڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له ئه‌ڵمانیا، ئێواری ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18/2/2018، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوه‌ری كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به دیداره‌كه ده‌ربڕی و په‌یوه‌ندیى دێرین و دۆستایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و په‌ره‌پێدانیان له هه‌موو بواره‌كاندا تاووتو كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ تاران و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه و دیداره‌كانی له‌وێ، ڕه‌وشی ئێستا و دیالۆگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خرانه به‌ر باس و، له‌مباره‌یه‌وه چاره‌كردنی پرسه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دووپات كرایه‌وه.
تاووتوكردنی ڕه‌وشی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووی عێراق و ڕه‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو كه تیایدا د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه و دڵشاد بارزانى نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ى بوون.




