٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی دۆڵەمەری: مێدیاكانی فەڕەنسا بە بایەخەوە باسی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

پاریس-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، هێما بۆ ئەوە دەكات، كە مێدیاكانی ئەو وڵاتە بە گرینگییەوە باسیان لە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان كردووە.

لە میانەی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسادا بۆ هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی ساز دا و، ھیوای خواست ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا دەستیان پێ كردووە، ئەنجامێكی باشیان لێ بكەو‌ێتەوە و ببنە ھۆی دەستپێكردنی دانوستانێكی جیددی بۆ چارەكردنی تەواوی كێشەكانی نێوان ھەردوولا، ھەروەھا ڕایگەیاند كە فەڕەنسا ھاوكار دەبێت و ھەردوولا ھان دەدات بگەنە چارەسەر.

دوای ئەوەی بە سەردانێك گەییشتە ھەولێر، ئێوارەی دووشەممە ١٢/٢/٢٠١٨، ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری، كە لە وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغدا و كۆنسووڵخانەی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر پێك ھاتبوو، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و شاندێكی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە و، دواپێشھاتەكانی گفتوگۆی لیژنە تەكنیكییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كە بۆ چەند دۆسییەیەك دروست كراون، تاوتوو كران و تیشك خرایە سەر دوایین كار و ھەنگاوەكانی ئەو لیژنانە و دیدار و كۆبوونەوەكانی ھەردوو سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی لە بەغدا و داڤۆس.

دوای ئاڵۆزییەكانی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، بۆ یەكەمجار سەرۆككۆماری فەڕەنسا ماكرۆن، لە پاریس پێشوازی لە شاندی باڵای ھەرێمی كوردستان كرد و ئەو ئابڵووقە سیاسی و دیپلۆماسییەی شكاند، كە بەسەر ھەرێمی كوردستاندا سەپێندرابوو.

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "مێدیاكانی فەڕەنسا زۆر بە بایەخەوە باسی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان كردووە، كە سەردانێكی سوپرایز بووە بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی كێشەكان، بە تایبەتی سەقامگیری لە عێراق، كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاساییشی فەڕەنسا هەیە".

نوێنەرەكەی حكوومەتی هەرێم گوتیشی، "فەڕەنسا زۆر گرینگی بە ھەرێمی كوردستان دەدات، چونكە گەلی كورد و فەڕەنسا ھەمان بەھا و بیروباوەڕیان ھەیە".

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار