ئەمڕۆ بە چالاكیی جۆراوجۆر، یادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوان بەرز ڕادەگیرێت

هەولێر-KDP.info- سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بە چالاكیی جۆراوجۆر یادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەرز و پیرۆز ڕادەگرن. هەروەها لە هەولێریش فێستیڤاڵێك بە ناوی نوێبوونەوە و بەردەوامی و لە ژێر دروشمی "سوپاس پێشمەرگە و سەرۆك"، ساز دەكەن.
هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵی 1953 لەسەر دەستی باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد بارزانیی نەمر دامەزران، كە ئەو كات لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەناو قوتابیان و لاواندا جۆش و خرۆشێكی بێوێنە و حەماسەتێكی نەتەوایەتیی بەرز هەبوو، بۆیە پێویست بوو ڕێكخراوێك دابمەزرێت بۆ ئەوەی قوتابیان و لاوان لە چوارچێوەی ئەو ڕێكخراوەدا هێز و توانای خۆیان دەربخەن، هەر لەبەر ئەوەیش ئەو هەر دوو ڕێكخراوە بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی زانست و خزمەتكردنی قوتابیان و لاوان دامەزران.
نێچیرڤان حوسێن، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەمڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بە چالاكیی جۆراوجۆر یادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، لە شاری هەولێریش وەكوو مەكتەبی سكرتارییەتی قوتابیان سەعات 2ـی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا فێستیڤاڵێك بە ناوی نوێبوونەوە و بەردەوامی و لە ژێر دروشمی "سوپاس پێشمەرگە و سەرۆك" ساز دەكەین، كە خۆی لە كۆمەڵێك بڕگەی جیاوازی زانستی و هونەری و ئەدەبی و كۆمەڵێك بابەتی دیكەدا دەبینێتەوە".
حوسێن ڕوونیشی كردەوە، "ڕێكخراوی قوتابیان 100% ڕەچاوی كاری پیشەییانەی كردووە و لە خزمەتكردنی قوتابیان و داواكارییەكانی قوتابیاندا بووە لە هەموو شوێنێك، لەو شوێنانەی كە ئێمەیش نوێنەرایەتیمان هەیە، بە بێ جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی و فكری، بە دەم كێشە و گیروگرفتی قوتابیانەوە چووین و، ڕەنگە بۆ ئەوەیش یادداشت و بەیاننامەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان باشترین شایەت بن، لەبەر ئەوە كە داواكارییەك پێشكەش كراوە بە لایەنی پەیوەندیدار، هیچ كاتێك ئەوە لە بەرچاو نەگیراوە كە ئەوە قوتابیی لایەنێكە، بەڵكوو بە بێ جیاوازی بۆ هەموو قوتابیانی كوردستان داوا كراوە".
ڕابین شێروانی




