نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی پارتی SPDى ئه‌ڵمانی كۆ بوونه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 17/2/2018، له درێژه‌ى دیداره‌كانى له كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن له ئه‌ڵمانیا، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى كۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه و به‌رگریى پارتى SPDى ئه‌ڵمانیایی له په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا كۆ بووه‌وه، كه له نایلز ئانه‌ن، ڕۆڵف میتسه‌نیش و فریدز فێلگێنترو پێكهاتبوو.
له دیداره‌كه‌دا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دواپێشهاته‌كانى دیالۆگى هه‌ولێر و به‌غدا تاووتو كرا و هه‌ردوولا هیوایان خواست كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره بكرێن. هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر شه‌ڕى داعش و ئه‌و هاوكارییانه‌ى له كاتى شه‌ڕدا له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستان كراون و، باس له قۆناغى دواى داعش و گرینگیى نه‌هێشتنى هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بیرى تیرۆر و توندوتیژى، كرا.
نێچیرڤان بارزانى سوپاسى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارییه سه‌ربازى و مرۆییه‌كانى ئه‌ڵمانیا له كاتى شه‌ڕى داعشدا دووپات كرده‌وه و، هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى به گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه له شه‌ڕى دژى تیرۆردا له قه‌ڵه‌م دا.
هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قۆناغى دواى داعش و گرنگیى هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى بۆ بنیاتنانى تواناكان، باسیشى له دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان و پێداویستییه‌كانى گه‌ڕانه‌وه‌یان له ئارامى و سه‌قامگیرى و ده‌رفه‌تى كار و ئاوه‌دانكردنه‌وه و بووژانه‌وه‌ى ئابوورى كرد.
لاى خۆیانه‌وه لیژنه‌ى هاوبه‌شى كۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه و به‌رگریى پارتى SPDى ئه‌ڵمانیایی له په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا، خۆشحاڵیى خۆیان بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌ڵمانییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستایش و پێزانینى خۆیان بۆ ڕۆڵ و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه له شه‌ڕى دژى داعشدا دووپات كرده‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه و دڵشاد بارزانى نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌ڵمانیا ئاماده بوون.




