نێچیرڤان بارزانى و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان تاووتو كرد

هه‌ولێر-KDP.info- هه‌ر له به‌رده‌وامیى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له میونشى ئه‌ڵمانیا، ئێوارى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 16/2/2018، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى یاوه‌رى له‌گه‌ڵ ئانجه‌لینۆ ئالفانۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئالفانۆ ستایشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ى له شه‌ڕى دژى داعشدا كرد و، جه‌ختى له دۆستایه‌تى و پشتیوانیى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، هه‌روه‌ها خۆشحاڵى و بایه‌خدانى وڵاته‌كه‌ى به ده‌سپێكردنى پرۆسه‌ى دیالۆگى هه‌ولێر و به‌غدا نیشان دا و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئیتالیاى كرد بۆ ئه‌و پشتیوانى و هاوكارییانه‌ى له كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه و هه‌رێمى كوردستانى كردوون، جه‌ختیشى له گرینگیى ڕۆڵى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى تیرۆر كرده‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه له‌گه‌ڵ شكاندنى سه‌ربازییانه‌ى داعش، گرینگه هۆكاره‌كانى دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانى داعش و تیرۆر له عێراق و بیرى تیرۆر و توندوتیرى ڕیشه‌كێش بكرێن، پوخته‌یه‌كیشى ده‌رباره‌ى قۆناغى ئێستا و پرۆسه‌ى دیالۆگى هه‌ولێر و به‌غدا پێشكه‌ش كرد.
تاووتوكردنى دۆخى ناوچه‌كه و گرینگیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




